دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ نەتەنیاهوو هەڕەشە دەکات و ترەمپیش سوورە لەسەر جەنگ
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کردەوەکانی حیزبوڵڵا هەڕەشەن بۆ سەر ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان. هەروەها بەڵێنی دا "بە تووندی" گرووپەکەی نزیک لە ئێران بکاتە ئامانج.
نەتەنیاهوو گوتی: "دەبێت لەوە تێبگەین پێشێلکارییەکانی حیزبوڵڵا، بە کردەیی، ئاگربەستەکە هەڵدەوەشێننەوە."
میدیای فەرمیی لوبنان بڵاویکردەوە، سەرەڕای ئاگربەست لەگەڵ حیزبوڵڵای نزیک لە ئێران، رۆژی یەکشەممە سوپای ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی باشووری ئەو وڵاتە کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی هۆشداریی چۆڵکردنی بۆ حەوت ناوچە دەرکردبوو.
ئاژانسی فەرمیی نیشتمانیی هەواڵی لوبنان (NNA) رایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ناوچەی کفار تبنیت،" کە یەکێک بوو لەو ناوچانەی هۆشداریی چۆڵکردنیان پێدرابوو، ئاژانسەکە ئاماژەی بە "چەند زیانێکی گیانی" کرد.
بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بگەڕێتەوە پاکستان. ئەمەش لە کاتێکدایە، نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکان هەوڵدەدەن دانوستاندنەکانی ئاشتی لەسەر رێڕۆی خۆیان بهێڵنەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشتی پلان بۆ داڕێژراوی نێردراوەکانی بۆ ئەو مەبەستە هەڵوەشاندەوە.
بە گوێرەی میدیای ئێران، عەباس عێراقچی دووبارە لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی "هەڵوێست و بۆچوونەکانی ئێران لەسەر چوارچێوەی هەر لێکتێگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە یەکجاریی جەنگەکە" بگەیێنێت. وەزیرە ئێرانییەکە تەنیا رۆژێک پێشتر لە ئیسلامئاباد بوو، دواتریش چووە عومان.
لە واشنتنەوە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، رووداوی ئەو تەقەکردنەی کە رۆژی شەممە لە نانی ئێوارەی رۆژنامەڤانان لە واشنتن روویدا، لە جەنگی ئێران پاشگەزی ناکاتەوە.
دوای رووداوەکە، ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "ئەوە من لە بردنەوەی جەنگی ئێران ساردناکاتەوە. نازانم ئایا ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە هەبوو یان نا، بەپێی ئەو زانیارییانەی هەمانە، بەڕاستی بڕوا ناکەم پەیوەندیی هەبێت."
لە تاران دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە پیاوێکیان لەسێدارە داوە کە تاوانبار کرابوو بە هەبوونی پەیوەندی بە گرووپی چەکداریی سووننەی (جەیشولعەدل) و تێوەگلان لە هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان لە باشووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە. ئەمە لە کاتێکدایە هەر رۆژی شەممە، تاران لەسێدارەدانی پیاوێکی دیکەی راگەیاند کە تۆمەتبار بوو بە پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە ئیسرائیل.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، دوای هەڵوەشاندنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئاباد، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران قسەی کردووە.
شەهباز شەریف لە ئێکس نووسی: "پاکستان پابەندە بەوەی وەک نێوەندگیرێکی راستگۆ و دڵسۆز خزمەت بکات، هەروەها بێوچان کار دەکات بۆ پێشخستنی ئاشتییەکی بەردەوام و سەقامگیرییەکی درێژخایەن لە ناوچەکەدا."