عێراقچی گەیشتەوە ئیسلامئاباد و بڕیارە سەردانی مۆسکۆش بکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئێران دوای سەردانەکەی بۆ عومان گەڕایەوە پاکستان و بڕیارە دواتر سەردانی رووسیاش بکات.
رۆژی یەکشەممە، 26ی نیسانی 2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای سەردانەکەی بۆ مەسقەت و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەیسەم تارق، سوڵتانی عومان جارێکی دیکە گەڕایەوە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان.
میدیای فەرمیی ئێران لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی عێراقچی لەگەڵ سوڵتانی عومان نووسیویەتی، هەردوولا لەبارەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئەو هەوڵانەی بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە ململانێکانی تاران و واشنتن ئەنجام دەدرێن، گفتوگۆیان کردووە.
هەر بە گوێرەی میدیای ئێران لە دیدارەکەدا، عەباس عێراقچی سوڵتانی عومانی لە تێبینییەکانی تاران سەبارەت بە ئاگربەست و دۆخی ناوچەکە ئاگادار کردووەتەوە.
رۆژی هەینی 24ی نیسان، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە ئیسلامئاباد و دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی پاکستان، شەوی شەممە بەرەو مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێکەوت.
عومان تا پێش هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران لە 28ـی شووبات، رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان تاران و واشنتۆن دەگێڕا.
بەپێی راگەیێندراوی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بڕیارە دوای سەردانەکەی بۆ پاکستان، عەباس عێراقچی سەردانی رووسیا بکات و لە مۆسکۆ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.