سەرچاوەیەک لە حەماس: پێشنیازی نوێی ئاگربەستمان قبووڵکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، گرووپەکە پێشنیازێکی ئاگربەستی لە غەززە قبوڵکردووە کە لەلایەن نێوەندگیرانەوە پێشکێشکراوە و بە گوێرەی راپۆرتەکان ئازادکردنی 10 بارمتە لە دوو قۆناخدا و ئاگربەستێکی 70 رۆژی لەخۆدەگرێت.
رۆژی دووشەممە، 26-05-2025، سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "حەماس بە پێشنیازە نوێیەکەی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا رازیبووە."
رەشنووسی رێککەوتنە نوێیەکە [ئەگەر بکرێت] لەکاتێکدا ئاشکرا بوو کە ئیسرائیل هێرشەکانی لە غەززە چڕتر کردووەتەوە، هەروەها دوای چەندین گەڕی پێشووی دانوستاندن دێت کە نەگەیشتنە هیچ پێشکەوتنێک، دواجار لە 18ـی ئادار ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومان و هێرشەکان کردەوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، رێککەوتنەکە "ئاگربەستێکی 70 رۆژی لەخۆدەگرێت لە بەرامبەر ئازادکردنی 10 بارمتە لە دوو قۆناخدا، لەماوەی ئاگربەستەکەشدا، دانوستاندنەکان لەسەر ئاگربەستێکی هەمیشەیی بە گەرەنتیی ئەمریکا دەستپێدەکەن."
ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەو دانوستاندنانەی کە بوونە هۆی رێککەوتنی ئاگربەستی پێشوو، بەشداربوو.
سەرچاوەیەکی دیکەی فەڵەستینی نزیک لە دانوستاندنەکان رایگەیاند، پێشنیازە نوێیەکە "ئازادکردنی 10 بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون لەبەرامبەر ئاگربەستێکی 70 رۆژی، کشانەوەی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، هەروەها ئازادکردنی ژمارەیەک زیندانیی فەڵەستینی" لەخۆدەگرێت.
سەرچاوەکە گوتیشی، نێوەندگیران پێشنیازەکەیان "لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا" پێشکێشکردووە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، میسر و قەتەر هەموویان لە نێوەندگیریی دانوستاندنەکانی ئاگربەست لەماوەی جەنگەکەدا رۆڵیان هەبووە.
سەرچاوەی دووەم گوتی، پێشنیازەکە ئازادکردنی "پێنج بارمتەی زیندووی ئیسرائیلی لەماوەی هەفتەی یەکەمی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا و پێنجی دیکە پێش کۆتاییهاتنی ماوەی ئاگربەستەکە" لەخۆدەگرێت.
ئیسرائیل هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دانوستاندنکارە باڵاکانی بۆ پرسی بارمتەکانی غەززە لە دانوستاندنەکانی دەوحە بۆ راوێژ بانگێشت دەکاتەوە، لەکاتێکدا هەندێک ئەندامی ئاست نزمتری تیمی خۆی لە پایتەختی قەتەر هێشتووەتەوە.
ئیسرائیل لەم دواییانەدا هەڵمەتەکانی لە غەززە چڕتر کردووەتەوە و بە "فراوانکردنی شەڕ دژی حەماس" ناوی بردووە.
لە 2ـی ئادار، ئیسرائیل گەمارۆیەکی تەواوی هاوکاریی خستەسەر ناوچەکە و رایگەیاند، ئامانج لێی ناچارکردنی حەماسە بۆ سازشکردن، لەوکاتەوە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە، گەمارۆکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مەترسیداری خۆراک، ئاوی پاک، سووتەمەنی و دەرمان.
ئیسرائیل هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی کاتی گەمارۆکەی سووککرد و بارهەڵگرەکان چوونەوە نێوییەوە، هەرچەندە گرووپە مرۆییەکان داوایان لێکردووە بەخێرایی رێگە بە چوونەژوورەوەی پێداویستیی زیاتر بدات.