کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان داوا لە ترەمپ دەکەن گوشار لە نەتەنیاهوو بکات کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی پێنجشەممە، خێزانی بارمتە ئیسرائیلییەکان داوایان لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد، گوشار لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکات تاوەکو رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانە بکات کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکراون و کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت.
 
ئودی گۆرین، ئامۆزای تاڵ حەیمی کە یەکێکە لە بارمتەکان، گوتی: "سەلماندوومانە کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل پێکەوە کاردەکەن، هیچ شتێک ناتوانێت رێگریمان لێبکات، گرنگ نییە دوژمن چەندە سەخت بێت." گوتیشی، "سەرۆک ترەمپ، تکایە پێداگربە و 50 بارمتەکە بگەڕێنەرەوە."
 
لەکاتێکدا ئاگربەستێکی هەستیار لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا هەیە، ترەمپ رایگەیاندووە کە "پێشکەوتنی گەورە" لە گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززەدا بەدەستهاتووە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
 
ئایناڤ زەنگاوکەر، دایکی ماتان زەنگاوکەری بارمتە، داواکاریی زیاتری ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: "بەرێز سەرۆک، جەنابت، هەروەک چۆن بڕیارتدا کۆتایی بە شەڕی ئێران بهێنیت... ئێستا کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنە."
 
لە هێرشەکەی رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا، نزیکەی 1200 کەس لە ئیسرائیل کوژران و 251 کەسیشیان بە بارمتە گیران.
 
زۆربەیان لە رێککەوتنەکانی ئاگربەستدا ئازادکران، بەڵام 50 کەسیان هێشتا لە غەززەن و وا بڕوا دەکرێت کەمتر لە نیوەیان لە ژیاندا مابن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 56 هەزار فەلەستینی کە زیاتر لە نیوەیان ژن و منداڵن.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، گەمارۆ و هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل دانیشتووانی ناوچەکەیان گەیاندووەتە لێواری برسێتی.