هۆزەکانی غەززە تۆمەتەکانی ئیسرائیل لەبارەی دزینی هاوکارییەکان لەلایەن حەماسەوە رەتدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، هۆزەکانی غەززە تۆمەتەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیان رەتکردەوە کە گوتبووی بزووتنەوەی حەماس بەشێک لەو هاوکارییانەی دەچنە نێو کەرتە وێرانبووەکە "دەدزێت".
ئیسرائیل لە 2ی ئاداری رابردوو گەمارۆیەکی تەواوی بەسەر کەرتی غەززەدا سەپاند، پێش ئەوەی لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار رێگە بە چوونەژوورەوەی بەشێکی کەمی هاوکارییەکان بدات.
رەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە، کە پێش جەنگ 2.4 ملیۆن کەسی تێدا دەژیان، رەخنەی نێودەوڵەتیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی لەبەر کەمیی ئەو هاوکارییانەی ئیسرائیل رێگەیان پێدەدات بچنە ژوورەوە.
درەنگی شەوی چوارشەممە، نەتەنیاهوو لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا لەگەڵ یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "ئەمڕۆ (چوارشەممە) زانیاریمان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن، حەماس جارێکی دیکە دەستی بەسەر ئەو هاوکارییە مرۆییانەدا گرتووەتەوە کە دەچنە باکووری کەرتی غەززە و لە خەڵکی سڤیلیان دەدزێت."
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد کە فەرمانی بە سوپا کردووە پلانێک ئامادە بکات "بۆ رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی هاوکارییەکان لەلایەن حەماسەوە."
بەڵام دەستەی باڵای کاروباری هۆزەکان لە غەززە کە لیژنەیەکە لە کاتی شەڕدا پێکهێندراوە و سەر بە حەماس نییە، رایگەیاند: "بە تووندی ئەو بانگەشە چەواشەکارانەیەی داگیرکەر رەتدەکەینەوە کە ئامانجیان شێواندنی راستییەکان و بڵاوکردنەوەی پشێوییە لە کەرتەکەدا."
هەروەها جەخت دەکاتەوە کە "هەموو هاوکارییەکان بە تەواوی پارێزراون و لەژێر چاودێریی راستەوخۆی ئێمەدان و تەنیا لە رێگەی دەستە نێودەوڵەتییەکانەوە دابەش دەکرێن."
دەستەکە داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد، "بەپەلە و دەستبەجێ" شاندێک بنێرێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێریی دابەشکردنی هاوکارییەکان بکات.
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، 549 کەس لە کاتی هەوڵدانیان بۆ وەرگرتنی هاوکاری و خۆراک کوژراون، ئەمەش لەوەتەی دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە ئەمریکا پاڵپشتی دەکات و جێگەی رێکخراوە فریاگوزارییە ناسراوەکانی جیهانی گرتووەتەوە، لە 27ی ئایاری رابردووەوە دەستی بە دابەشکردنی هاوکارییەکان کردووە.