فوئاد حوسێن: عێراق ئامادەیە بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دا بکات
رووداو - جەدە
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیدا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بەشداری لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززەدا بکات و دەڵێت، پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل "تاوانێکی تەواون."
رۆژی دووشەممە، 25-08-2025، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکایەتیی شاندی عێراقی کرد لە کۆبوونەوەی نائاسایی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی کە لە شاری جەدەی سعودیە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی فەلەستین بەڕێوەچوو.
فوئاد حوسێن لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "عێراق بەهێزەوە لەگەڵ گەلی فەلەستین وەستاوە لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی بەهۆی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیلەوە رووبەڕووی دەبێتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزیری دەرەوە گوتوویەتی: "ئەم پێشێلکارییانە بەزاندنێکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤن و تاوانێکی تەواون کە پێویستیان بە هەڵوێستێکی نێودەوڵەتیی بەپەلە و یەکلاکەرەوە هەیە."
وەزیری دەرەوەی عێراق داوای "جووڵەی خێرا و گشتگیری کرد بۆ راگرتنی شەڕ، مسۆگەرکردنی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی و فریاگوزاری بە گەلی فەلەستین و پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە سەرووی هەمووشیانەوە بڕیاری 2334."
فوئاد حوسێن جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق کردەوە و گوتی: "عێراق پشتگیریی خۆی بۆ خەباتی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی بە پایتەختی قودس دووپات دەکاتەوە و ئامادەیە بەشداری لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە و کەمکردنەوەی ئازاری خەڵکی سڤیل بکات."