نەتەنیاهوو: دەوڵەتی فەڵەستین بۆ ئیسرائیل خۆکوشتنی نیشتمانییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی دا رێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین بکات، سەرکردە ئەورووپییەکانیشی تۆمەتبار کرد بەوەی وڵاتەکەی بەرەو "خۆکوشتنی نیشتمانی" دەبەن و حەماس خەڵات دەکەن.
لە گوتارەکەی رۆژی هەینی 26-09-2025دا بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەڵێنی دا "کارەکە" دژی حەماس "تەواو بکات"، ئەوەش لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێیوایە لەسەر جەنگی غەززە و بارمتەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن.
چەند رۆژێک دوای ئەوەی فەرەنسا، بەریتانیا و هێزە رۆژئاواییەکانی دیکە دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا نا، نەتەنیاهوو گوتی، ئەو وڵاتانە "پەیامێکی زۆر روونیان نارد کە کوشتنی جوو سوودی هەیە."
نەتەنیاهوو گوتی، "ئیسرائیل رێگەتان پێنادات دەوڵەتێکی تیرۆریستی بە زۆر بەسەرماندا بسەپێنن."
گوتیشی، "ئێمە خۆکوژیی نیشتمانی ناکەین، چونکە ئێوە بوێریی ئەوەتان نییە رووبەڕووی میدیای دووژمنکار و گرووپە دژە جووەکان ببنەوە، کە داوای خوێنی ئیسرائیل دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رەخنەی لە پشتیوانیی رۆژئاوا لە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین گرت و دەسەڵاتی فەڵەستینی بە "تاسەر ئێسقان گەندەڵ" ناوبرد.
کاردانەوە و ناڕەزایەتی
کاتێک نەتەنیاهوو بەرەو سەکۆی کۆمەڵەی گشتی دەچوو، ژمارەیەک لە شاندەکان دەستبەجێ هۆڵەکەیان جێهێشت.
لە نزیک گۆڕەپانی تایمز سکوێر لە نیویۆرک، ژمارەیەک هاووڵاتی رێپێوانیان کرد و داوای دەستگیرکردنی نەتەنیاهوویان دەکرد.
نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا بە تووندی رووبەڕووی ئەو تۆمەتانە بووەوە کە باس لەوە دەکەن، ئیسرائیل لە غەززە جینۆساید دەکات و ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل چەندین جار بڵاوکراوەی ئاگادارکردنەوەی ناردووە بۆ دانیشتووانی سڤیل تاوەکو ناوچەکە جێبهێڵن. گوتیشی، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیش ئاوارەکردنی زۆرەملێ بە تاوانی جەنگ دادەنێت.
"ئێوەمان لەبیرنەکردووە"
نەتەنیاهوو گوتی، گوتارەکەی بەشێکی لە رێگەی بڵندگۆوە لە غەززە پەخش کراوە، بەو هیوایەی بگاتە سەرکردەکانی حەماس و ئەو بارمتانەی هێشتا لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە دەستبەسەرن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رووی قسەکانی لە بارمتەکان کرد و گوتی، "ئێوەمان لەبیر نەکردووە، تەنانەت بۆ چرکەیەکیش. تەواوی نەتەوەکەمان لەگەڵتانە؛ بێدەنگ نابین و وازناهێنین تاوەکو هەمووتان دەهێنینەوە وڵات، زیندوو و مردووەکان بە هەمان شێوە،" دواتر بۆ ماوەیەکی کورت زمانی قسەکردنی بۆ عیبری گۆڕی.
ژمارەیەک لە خێزانی بارمتەکان رەخنەیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێیەکەی ئیسرائیل گرت و داوای ئاگربەستیان بۆ رزگارکردنی ئازیزانیان کرد.
نەتەنیاهوو چەند مانگێک دوای ئەوەی فەرمانی بە هەڵمەتێکی گەورەی بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد، قسەی کرد.
لەکاتی گوتارەکەیدا نەخشەیەکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پیشاندا و قەڵەمێکی دەرهێنا بۆ خەتکێشان بەسەر ئەو سەرکردانەی کوشتوونی.