سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە تەلەفۆن باسی غەززە و فەلەستینیان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت و باسی چەند پرسێکی پەیوەست بە غەززە و فەلەستین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان کردووە و راگەیاندنی ئاگربەستیان بە پێویست زانیوە، جگە لە" جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام و دادپەروەرانە." 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26-10-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشت، بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی هەردوو وڵات و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دۆزی فەلەستین بەتایبەت کراوە.
 
لەو راگەیێندراوەدا هاتووە، "سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە وڵاتانی زلهێز و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە رۆڵی خۆیان هەڵبستن، جگە لە رۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی بۆ راگرتنی تووندوتیژی و هێرشە دوژمنکارانەکان و پێشێلکارییەکانی قەوارەی زایۆنی لە دژی گەلی فەلەستینی، سەرباری خۆلادان لە فراوانبوونی ناکۆکی و شەڕ بۆ گۆڕەپانەکانی دیکە لە ناوچەکە."
 
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەیمس كلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هەڵوێستەکانی عێراق و سەرۆکوەزیرانەکەی لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی غەززە و سەرجەم شڵەژانەکانی ناوچەکەی بەرزنرخاندووە و هەردوولا کۆک بوون لەسەر پێویستیی هەوڵدان بۆ ئاگربەست و پەلەکردن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە رۆڵەکانی گەلی فەلەستین کە لە کەرتی غەززە گیریان خواردووە، جگە لە "پێویستی جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری بەردەوام و دادپەروەرانە."

 

رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند. لانیکەم تائێستا هەشت هەزار و 500  کەس لە هەردوولا کوژراون و بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل 224 بارمتە لەلای حەماسن لە غەززە.