ترەمپ 48 کاژێر مۆڵەتی رادەستکردنی سەرجەم تەرمی بارمتەکانی بە حەماس دا

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کۆبووەوە و رایگەیاند، قەتەر دەتوانێت هێزی ئاشتیپارێز رەوانەی کەرتی غەززە بکات، لە هەمان کاتیشدا حەماسی ئاگادار کردەوە، پابەندی رێککەوتنی ئاگربەست بێت و هەوڵەکانیان بۆ گەڕان و دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکان فراوانتر و خێراتر بکەن.
 
شەوی شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی نوێی ئاراستەی بزووتنەوەی حەماس کرد و رایگەیاند، ئەگەر ئاگربەستەکە پێشێل بکەن، ئەوا ئەو گرووپە بەرپرسیار دەبێت لە ئەنجامی کردەوەکانیان و هەروەها بزووتنەوەکەشی تۆمەتبار کرد بەوەی تەرمی چەند بارمتەیەک کە دۆزراونەتەوە، هێشتا رادەستی نەکردوونەتەوە و دەڵێت، تاوەکو 48 کاژێری داهاتوو چاودێریی هەنگاوەکانی حەماس دەکات.
 
ترەمپ ئەو هۆشدارییەی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سۆشیال ترووس و دواتریش لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ میر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەی دووبارە کردەوە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەدا بوو بۆ گەشتەکەی بۆ مالیزیا، بەڵام لە نیوەی رێگە بە مەبەستی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکەکەی، پێویست بوو لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بە شێوەیەکی کاتی بوەستێت.
 
لەو ماوەیەدا، ترەمپ لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەیان پرسی ئاگربەستی غەززە بوو. سەرۆکی ئەمریکا ستایشی رۆڵی قەتەری کرد لە گەیشتن بە رێککەوتن و راگرتنی جەنگە دوو ساڵیەکەی غەززە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حەماس سەرجەم بارمتە زیندوو و مردووەکان رادەست بکاتەوە. ئەو گرووپە تاوەکو ئێستا تەرمی 15 بارمتەی کوژراو و 20 بارمتەی زیندووی رادەست کردووە، هێشتا تەرمی 13 بارمتە ماون.
 
ئەو گرووپە فەلەستینییە رایگەیاندووە، ناتوانێت دەستی بە سەرجەم تەرمەکان بگات و ناشزانێت هەندێکیان لە کوێن. کاربەدەستانی ئیسرائیل ئەو لێدوانەی حەماس رەتدەکەنەوە و دەڵێن، ئەوان دەتوانن دەستیان بە زۆربەی بارمتەکان بگات.
 
لە درێژەی پۆستەکەیدا لە سۆشیال ترووس، ترەمپ نووسیویەتی، "ئاشتییەکی بەهێز لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، بەڵام پێویستە حەماس بە خێرایی دەست بە رادەستکردنی تەرمی ئەو بارمتانە بکات کە لەلای ماون، ئەگەرنا رووبەڕووی دەرئەنجامی خراپ دەبێتەوە."
 
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بە کات بەفیڕۆدانی حەماسیش کرد لەبارەی پلانی چەکداماڵینیان و نووسیوویەتی، "دەبێت حەماس بە خێرایی دەست بکات بە رادەستکردنی تەرمی بارمتەکان کە دوو ئەمریکیشی تێدایە، ئەگەرنا وڵاتانی دیکە کە لەم ئاشتییە گەورەیەدا بەشدارن، هەڵوێست وەردەگرن. دەست گەیشتن بە هەندێک لە تەرمەکان سەختە، بەڵام هەندێکیان دەتوانن ئێستا رادەست بکەنەوە. رەنگە ئەوەش پەیوەندیی بە چەکداماڵینیانەوە هەبێت، بەڵام کاتێک گوتم هەردوولا دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوە تەنیا کاتێک جێبەجێ دەکرێت هەردوولا پابەندی مەرجەکان بن. با بزانین لە 48 کاژێری داهاتوودا چی دەکەن. لە نزیکەوە چاودێریی ئەمە دەکەم."
 
دوای هۆشدارییەکەی ترەمپ، بەرپرسێکی باڵای حەماس بەڵێنی دا، بزووتنەوەکەیان پرۆسەی گەڕان بەدوای ئەو بارمتانەی ماونەتەوە خێراتر و  فراوانتر بکات.
 
خەلیل حەیە، سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری حەماس بە میدیای عەرەبیی راگەیاند، تیمەکانی گەڕان و پشکنین بەنیازن بچنە ناوچەیەکی نوێی کەرتی غەززە، بە مەبەستی دۆزینەوەی تەرمی بارمتەکان.
 
هەروەها ئەو بەرپرسە باڵایەی حەماس دەڵێت، "نامانەوێت هیچ پاساوێک بدەینە دەست ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگەکە."
 
لەدوای کۆبوونەوەشی لەگەڵ سەرکردەکانی قەتەر، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ئەگەر پێویست بکات قەتەر هێز بۆ غەززە دەنێرێت.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆکی ئەمریکا رەتیکردەوە ئەو کات و جۆرەی ئەو هێزە نێودەوڵەتییەی رەوانەی غەززە دەکرێت، دیاری بکات.