ئیسرائیل: چیدی ڤیزە نادەینە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رەتیدەکاتەوە ڤیزەی کارمەندانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وڵاتەکەی نوێ بکاتەوە و رێکخراوەکە بە "دووڕوو" ناودەبات.
رۆژی دووشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند: "ئێمە لە کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هاوئاهەنگیی رێکخراوی تیرۆریستیی حەماس دەکەن دەوەستین".
کۆهین ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی ڤیزەی کارمەندانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ ناکاتەوە و هەموو داواکارییەکی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەرگرتنی ڤیزەش رەتدەکاتەوە.
ئیسرائیل، بەگوتەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، "چیدی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و وەڵامی دووڕووییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەداتەوە".
نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار رەخنەی لە ئیسرائیل گرتووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانی سڤیل، نەخۆشخانە و قوتابخانەکان لە کەرتی غەززە دەکاتە ئامانج.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە "بە هەڕەمەکی" بۆردوومانی غەززە دەکات و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە 100 رۆژنامەڤان و 270 کارمەندی تەندروستیی غەززە و 134 کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بکوژرێن.
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای کردووە حەماس و ئیسرائیل ئاگربەست رابگەیێنن، ئەوە لەکاتێکدایە، رێکخراوە مرۆییەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان داوە لەوەی فەلەستینییەکان رووبەڕووی برسێتیی تەواوەتی بوونەتەوە.
رۆژی هەینی، 22-12-2023، پازدە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، پڕۆژەیاسایەکیان پەسند کرد و بڕیاریان دا هاوکاریی زیاتر بۆ غەززە بنێرن.
بڕیاری ناردنی هاوکاریی زیاتر لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2023، رێکخراوی پۆلێنەکانی قۆناخی ئاسایشی خۆراک راپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەڕۆکەکەی پشڕاستکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، دۆخی مرۆیی کەرتەکە بەردەوام بەرەو خراپی دەچێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئەو خۆراک، ئاو و پێداویستییە پزیشکیانەی لە میسرەوە دەگەیێندرێنە غەززە 10٪ـی پێداویستییەکانی کەرتەکە پڕدەکەنەوە".
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، 577 هەزار کەس رووبەڕووی "قەیرانی برسێتی کارەساتبار" بوونەتەوە و بەدەست نەبوونی خۆراک و ئاوەوە دەناڵێنن.
دوو مانگ و نیوە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە، زیاتر 20 هەزار 674 فەلەستینی کوژراون و لە ئیسرائیلیش هەزار و 200 کەس کوژراون.