سێنتکۆم: مووشەکێکمان تەقاندەوە کە ئامادەکرابوو ئاراستەی دەریای سوور بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سێنتکۆم دەڵێت، دوای ئەوەی هێزەکانیان مووشەکێکیان لە ناوچەکانی ژێر دەستی حووسییەکان دەستنیشانکردووە و زانیویانە بۆ تەقاندن ئامادەکراوە، مووشەکەکەیان کردووەتە ئامانج و تێکیان شکاندووە.
رۆژی شەممە، 27-1-2024، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا – سێنتکۆم لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، "کاژێر 3:45 بەرەبەیان بەکاتی سەنعا (هەمان کاتی هەولێر) هێزەکانمان مووشەکێکیان لە ناوچەکانی ژێر دەستی حووسییەکان لە یەمەن دەستنیشانکرد و تێکیان شکاند".
بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەو مووشەکە ئامادەکرابوو تاوەکو ئاراستەی دەریای سوور بکرێت و مەترسیی بخاتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەو دەریایە.
سێنتکۆم دەڵێت، تەقاندنەوەی ئەو مووشەکە لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردندا بووە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو هێرشە دەبێتە هۆیەک بۆ هەبوونی ئازادیی بازرگانیی ئاوی و ئاسایش بۆ کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا.
چەند کاژێرێک پێش ئەو هێرشەی ئەمریکا، حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، هێرشێکی راستەوخۆیان کردووەتە سەر کەشتییەکی نەوتی بەریتانی بەناوی مارلین لواندا.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی حووسییەکان رایگەیاند، "هێرشەکە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لەسەر کەشتییەکە".
سێنتکۆم هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، هیچ کەسێک نەکوژراوە و بریندار نەبووە.
رۆژی هەینیش سێنتکۆم رایگەیاند، "نزیک کاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی سەنعا، حووسییەکان کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، مووشەکێکی بالیستیی دژە کەشتییان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە لە یەمەن بەرەو کەشتیی تێکشکێنەریی یوو ئێس ئێس کارنی لە کەنداوی عەدەن هاویشت".
بە گوتەی هێزە ئەمریکییەکە، هەر هەمان کەشتی مووشەکی حووسییەکانی خستە خوارەوە بێ ئەوەی "زیانێکی ماددی یان گیانی" لێ بکەوێتەوە.
گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیادیان کرد؛ هەریەک لە حیزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکانی یەمەن ناوە ناوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و لە سنوورە ئاوییەکانیشدا زۆرجار کەشتییە بازرگانییەکان لەلایەن حووسییەکانەوە دەکرێنە ئامانج.
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە حووسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر دەریای سوور کردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ گەلی فەلەستین."
هێرشی ئەو گرووپە زیانی لە ٪12ـی بازرگانیی نێودەوڵەتی داوە و چەندین کۆمپانیای ناچارکردووە رێڕەوەکانیان بگۆڕن.
دوای ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا چەند هێرشێکیان کردە سەر حووسییەکان، گرووپەکە لە وەڵامدا گوتیان کە "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ئامانجی ئێمە دەبن".
هەرچەندە ئەمریکا هەڕەشەی لە حووسییەکان کردووە کە ئەگەر واز لە هێرشەکانیان نەهێنن لە 16ی شوبات دەیانخاتە لیستی تیرۆرەوە، هێشتا حووسییەکان لە کردنەئامانجی کەشتییەکان بەردەوامن.
بزووتنەوەی حووسییەکان یان ئەنساروڵڵا لە ساڵی 1994 وەک گرووپێکی ئیسلامی دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکانی کرد و بارەگای سەرەکیی لە سەنعای پایتەختی یەمەنە.