لیندزی گراهام: کۆنگرێس رێگری لە هەر جووڵەیەک دژی کورد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان و کەسایەتیی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی سووریا بەرهەمی هەبووە. ئاماژە بەوەش دەکات، کۆنگرێس رێگری لە هەر جووڵەیەک دەکات کە دژی کورد بێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانی واشنتن بگەیێنێت.
رۆژی سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، لیندزی گراهام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، لەبارەی دۆخی سووریاوە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی قسەی کردووە.
گراهام دەستخۆشی لە هەوڵەکانی ترەمپ کرد و گوتی: "وادیارە هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ، لانیکەم لە کورتخایەندا، بەرهەمیان هەبووە."
پاراستنی کورد و رۆڵی سعودیە
ئەو سیناتۆرە دیارەی ئەمریکا هۆشداری دا لە دروستبوونی گرژیی نوێ لە سووریا و گوتی: "نە ناوچەکە و نە جیهانیش پێویستیان بە خوێنڕێژییەکی دیکە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نییە؛" هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە کۆنگرێس ئامادەیە رووبەڕووی ئەو لایەنە هەرێمییانە ببێتەوە کە دژی "هاوپەیمانە جێی متمانەکان وەک کورد" دەجووڵێنەوە.
گراهام داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد پشتیوانی پەیامی ترەمپ بن بۆ سەقامگیری و ئاماژەی بەوەش کرد، سعودیە لە پێگەیەکی بێهاوتادایە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر حکومەتی نوێی سووریا هەبێت، هیواشی خواست ریاز ئەو کاریگەرییە بۆ بەرژەوەندیی ناوچەکە بەکاربهێنێت.
پەیوەندییە "درێژخایەنەکەی" ترەمپ و ئەحمەد شەرع
ئەم لێدوانانەی لیندزی گراهام دوای ئەوە دێن سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە دۆناڵد ترەمپەوە پێگەیشتووە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی سووریا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ "رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش". ترەمپ پشتیوانیی واشنتنی بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو" دەربڕیوە و دەستخۆشی لە رێککەوتنی ئاگربەست کردووە.
سەرۆکایەتیی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ دەستخۆشی لەو لێکتێگەیشتنانە کردووە کە تایبەتن بە "تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان، لەوانەش هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەنێو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا."
ترەمپ ئامادەیی واشنتنی بۆ پاڵپشتیکردنی ئاوەدانکردنەوەی سووریا نیشانداوە و گوتیشی: "سەقامگیریی ئابووریی سووریا، بەردی بناخەیە بۆ سەقامگیریی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
لە واشنتنیشەوە، ترەمپ پێش بەڕێکەوتنی بۆ ئایوا، دڵخۆشیی خۆی بە گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەربڕی و گوتی: "گفتوگۆیەکی نایابمان هەبوو، کارەکانی ئەو ناوچەیە زۆر باش بەڕێوەدەچن."