جێگری ترەمپ: ئەمریکا ناچێتە نێو جەنگێکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


رووداو دیجیتاڵ 

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، هەرچەندە بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام "هیچ شانسێک نییە" واشنتن تێوەگلانی جەنگێکی درێژخایەنی چەند ساڵە بێت لە ناوچەکە.
 
جەی دی ڤانس لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا هێشتا لە پرسی دەستوەردانی سەربازی بەرامبەر ئێران "دوودڵە". گوتیشی، نازانێت دۆناڵد ترەمپ چ بڕیارێک دەدات، چونکە بژاردەکان هەم هێرشی سەربازی دەگرێتەوە بۆ "دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات"، هەم چارەسەری "دیپلۆماسی".
 
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، ئەگەر ترەمپ بڕیاری هێرشیش بدات، ئەوا نابێتە ئەو جۆرە ململانێ درێژخایەنەی کە ئەو هەمیشە رەخنەی لێگرتووە.
 
"درۆمان لەگەڵ کراوە"
 
جەی دی ڤانس کە تەمەنی 41 ساڵە و پێشتر وەک سەرباز بەشداریی لە جەنگی عێراقدا کردووە، پێشتر لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا گوتبووی، لەبارەی هۆکارەکانی تێوەگلانی وڵاتەکەی لە جەنگی عێراقدا "درۆی لەگەڵ کراوە".
 
ڤانس لە هەڤپەیڤینەکەدا دەڵێت: "پێموایە هەموومان بژارەی دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین، بەڵام ئەوە بەندە بەوەی ئێرانییەکان چی دەکەن و چی دەڵێن."
 
ئەم لێدوانانەی ڤانس لەکاتێکدان، گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە جنێف بەردەوامن؛ هاوکات ئەمریکا گەورەترین هێزی ئاسمانیی خۆی لە دوو دەیەی رابردووەوە (لە دوای شەڕی عێراقی 2003) لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆکردووەتەوە.
 
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی رژێمی ئێران، ڤانس ئاماژەی بەوە کرد ترەمپ خاوەنی سیاسەتی "ئەمریکا پێش هەموو شتێک"ـە و بەدوای ئەو بڕیارانەدا دەگەڕێت کە بۆ گەلی ئەمریکا گونجاون.
 
ڤانس دەڵێت: "دەبێت خۆمان لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو بپارێزین، بەڵام ناشبێت زیادەڕۆیی لە وەرگرتنی وانەکاندا بکەین. تەنیا لەبەر ئەوەی سەرۆکێک لە ململانێیەکی سەربازیدا سەرکەوتوو نەبووە، مانای ئەوە نییە کە ئێمە ناتوانین جارێکی دیکە بچینە ناو ململانێی سەربازییەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی لەو مشتومڕە کرد کە لە ناو پارتی کۆماری لەسەر پرسی پشتگیریکردنی ئیسرائیل هەیە. ڤانس داکۆکی لە هەبوونی رای جیاواز دەکات و دەڵێت، دەبێت گوێ لەو دەنگانەش بگیرێت کە گومانیان لەسەر ئیسرائیل هەیە، هەرچەندە خۆی ئیسرائیل وەک "هاوپەیمانێکی ستراتیژی" دەبینێت.
 
ئەم بابەتە دوای ئەوە گەرم بوو کە تاکەر کارڵسن، میدیاکاری ناسراو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مایک هەکابی، باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لە ئیسرائیل، چەند پرسێکی هەستیاریان وروژاند؛ لەوانە پرسی کۆنترۆڵکردنی زەوییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەپێی دەقە ئایینییەکان و کردنی پشکنینی جینەتیکی.
 
ڤانس بەرگری لەو جۆرە گفتوگۆیانە کرد و گوتی: "بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکەی ترەمپ لە 2024دا سەرکەوتوو بێت، دەبێت بەرگەی مشتومڕ و ناکۆکی بگرین، منیش پێموایە ئەوە کارێکی باشە."