باراک: ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی حکومەت و درووزەکان هەنگاوێکە بەرەو سەقامگیری
رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا رایگەیاند، 86 دیل لەنێوان حکومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی درووز ئاڵوگۆڕ کراون. ئەمەش بە "هەنگاوێک بەرەو سەقامگیری" لە سووریا زانی.
رۆژی هەینی، 27-02-2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بە یارمەتیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، 25 شەڕکەری حکومەت و 61 شەڕکەری درووز ئاڵوگۆڕ کران.
تۆم باراک وێڕای ئاماژەدان بەوەی خێزانەکان بەم هەنگاوە شادبوونەتەوە، رایگەیاند: "ئەمە هەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە و بەرەو سەقامگیری لە سووریا."
نێردەی ئەمریکا سوپاسی ئەبراهام حەمادە، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکای کرد بۆ دەسپێشخەرییەکەی و راگەیاند، واشنتن شانازی دەکات کە هاوکار بووە لە ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە.
هاوکات، ستیفان ساکالیان، سەرۆکی نێردەی خاچی سوور لە سووریا رایگەیاند، هیوادارن ئەم هەنگاوە رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئازادکردنی زیاتری دەستگیرکراوان لە داهاتوودا و گفتوگۆ لەسەر پرسە مرۆییەکانی دیکە، لەوانەش چارەنووسی ئەو کەسانەی لە پێکدادانەکانی باشووری سووریا لە تەممووزی 2025ـەوە بێسەروشوێن بوون.
گرژییەکانی سوەیدا لە نێوەڕاستی تەممووزی 2025 لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی درووز و هۆزە بەدەوییەکان دەستیپێکرد، دواتر بەهۆی دەستوەردانی هێزەکانی دیمەشق و ئیسرائیل پەرەی سەند. بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، لەو تووندوتیژیانەدا زیاتر لە 800 کەس کوژران و 900ی دیکەش بریندار بوون.
هەرچەندە لە 19ی تەممووزەوە ئاگر بەست لە ناوچەکەدا جێبەجێ کراوە و هێزە ئەمنییەکانی سووریا لە بەشێک لە پارێزگاکە جێگیر بوون، بەڵام گرووپە چەکدارەکانی درووز هێشتا کۆنترۆڵی ناو شاری سوەیدایان لەدەستدایە.