وەزیری بەرگریی پاکستان: لە جەنگێکی کراوەداین لەگەڵ ئەفغانستان
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، سوپای پاکستان چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی بۆردوومان کرد، لەنێویاندا کابولی پایتەخت. وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەفغانستان لە "جەنگێکی کراوەدا"یە.
بۆردوومانەکەی پاکستان تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات، هێزەکانی تاڵیبانی هێرشیان کردە سەر هێزە سنوورییەکانی پاکستان. تاڵیبان دەڵێت ئەو هێرشەیان وەک "تۆڵەسەندنەوەیەک" بووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی پێشووی پاکستان.
عەتاوڵڵا تەرار، وەزیری راگەیاندنی پاکستان لە ئێکس بڵاویکردەوە: "ئامانجە بەرگرییەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان لە کابوڵ، پاکتیا و قەندەهار کراونەتە ئامانج."
هاوکات خەواجە محەممەد، وەزیری بەرگریی پاکستان بە راشکاوی رایگەیاند، وڵاتەکەی لە "جەنگێکی کراوەدا"یە لەگەڵ ئەفغانستان.
لە بەرامبەردا، زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان بۆردوومانەکانی پاکستانی پشتڕاستکردەوە، بەڵام رایگەیاند کە "هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە."
پێش دەستپێکردنی بۆردوومانەکان، وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاندبوو "ئۆپەراسیۆنێکی هێرشبەری بەرفراوان"یان لەسەر سنوور دەستپێکردووە وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی سوپای پاکستان؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو پێکدادانە زەوینیانەدا هەشت سەربازی پاکستان کوژراون.
لەلایەکی دیکەوە، قوڕەیشی بادلۆن، بەڕێوەبەری راگەیاندن لە پارێزگای نانگارھار رایگەیاند، هاوەنێک بەر کەمپێکی پەنابەران لە نزیک دەروازەی تۆرخام کەوتووە و بەهۆیەوە حەوت کەس بریندار بوون، کە یەکێکیان ژنە و تەندروستی ناجێگیرە.
پەیوەندییەکانی ئیسلام ئاباد و کابوڵ لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە تێکچووە، کاتێک لە پێکدادانە سنوورییەکاندا زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا کوژران. هەرچەندە قەتەر و تورکیا هەوڵی نێوەندگیرییان دا، بەڵام نەتوانرا ئاگربەستێکی بەردەوام بهێنرێتە کایەوە.
پاکستان، حکومەتی تاڵیبان تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لەو گرووپە چەکدارانە بەتایبەت تەحریک تالیبانی پاکستان TTP)( ناکات کە هێرش دەکەنە سەر خاکی وڵاتەکەی، بەڵام کابوول هەمیشە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە بەمدواییە زنجیرەیەک تەقینەوەی خوێناوی پاکستانیان هەژاند، لەوانە هێرش بۆ سەر مزگەوتێکی شیعەکان لە ئیسلام ئاباد کە 40 کوژراوی لێکەوتەوە و داعش بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
گرژییەکانی نێوان ئەم دوو دراوسێیە کاردانەوەی لێکەوتەوە:
رووسیا: وەزارەتی دەرەوەی رووسیا داوای کرد هەردوولا "دەستبەجێ هێرشەکان رابگرن" و ئامادەیی مۆسکۆشی بۆ نێوەندگیری نیشاندا.
ئێران: عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای دانبەخۆداگرتنی کرد و گوتی "پێویستە لە رێگەی دیالۆگەوە کۆتایی بەم جەنگە بهێنرێت."
قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەفغانستانی کرد بۆ سەر پاکستان و سەرەخۆشی لە حکومەتی ئیسلام ئاباد کرد، جەختیشی کردەوە کە تووندوتیژی و "تیرۆر" رەتدەکەنەوە.