راپۆرتێک: ئێران داوای نەکردووە ترەمپ 10 رۆژ مۆڵەتیان پێبدات

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی راپۆرتێک، نێوەندگیرانی نێوان ئەمریکا و ئێران گوتوویانە، کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ داواکارییەکی فەرمیی بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی وزەی وڵاتەکەی پێشکێش نەکردووە و هێشتا وەڵامی کۆتایی پلانی 15 خاڵیی واشنتنی نەداوەتەوە. پێشتر ترەمپ رایگەیاند، لەسەر داوای تاران 10 رۆژ هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی وزەی ئێران رادەگرن.
 
ئەم لێدوانانەی نێوەندگیرەکان، کە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ بڵاویکردووەتەوە، رێک پێچەوانەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە کە پێشتر رایگەیاندبوو هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران بۆ ماوەی 10 رۆژ و تاوەکو 6ـی نیسان دوادەخات، ئەوەش لە سەر داواکاریی خودی تاران تاوەکو دەرفەت بۆ دانوستاندن بڕەخسێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی نێوەندگیرەکان، بەرپرسانی ئێران رایانگەیاندووە کە ئارەزووی دانوستاندن دەکەن، بەڵام سەرکردایەتیی باڵای وڵاتەکە هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە. تاران داوای کردووە، دەبێت ئەمریکا ئەو داواکارییە "زیادە و تووندانەی" لە پلانی 15 خاڵییەکەدا دایناون کەم بکاتەوە، بەرلەوەی هیچ کۆبوونەوەیەک بۆ تاوتوێکردنی ئاگربەست بکرێت.
 
هەروەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نێوەندگیرەکان گوتوویانە، ئێران گفتوگۆکردن لە سەر بەرنامە مووشەکییەکەی وەک دەستپێکی دانوستاندنەکان رەت کردووەتەوە. هەروەها تاران ئامادە نییە پابەند بێت بەوەی کە بۆ هەمیشە دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، کە ئەمەش دوو خاڵی سەرەکیی پلانی ئاشتییەکەی ئیدارەی ترەمپن.
 
نێوەندگیرانی ئاشتی هۆشداری دەدەن، "هیوای گەیشتن بە ئاگربەست ئێستا زۆر لاوازە". ئەوان دەڵێن هەردوو لایەنی جەنگ (ئەمریکا و ئێران) داواکاریی "ئەوپەڕی"یان (Maximalist) هەیە کە بۆ لایەنەکەی دیکە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین.
 
پلانی 15 خاڵیی ئەمریکا بە کورتی بریتییە لە لابردنی سزاکان لە بەرامبەر پاشەکشەی تەواوەتیی ئێران لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەی و بڕینی پشتگیرییەکانی بۆ میلیشیاکانی ناوچەکە، بەڵام پێناچێت تاران بە ئاسانی ئەم مەرجانە قبووڵ بکات.
 
لەلایەکی دیکە، ئەمڕۆ هەینی 27-03-2026 ترەمپ بە تەلەفۆن بە فۆکس نیوزی راگەیاند، ئێران بەڕێزەوە داوای حەوت رۆژ مۆڵەتی کردبوو، بەڵام ئەو گوتبووی، 10 رۆژیان پێدەدات.