دوایین پێشهاتەکانی جەنگی ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چووە ناو قۆناخێکی نوێی دیپلۆماسی و سەربازییەوە. لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ مۆڵەتەکەی بۆ تاران درێژکردەوە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری لە کەمیی سەرباز لە بەرەی لوبنان دەدات، تارانیش بۆ پاراستنی پایتەختەکەی دەستی کردووە بە چەکدارکردنی منداڵان.
 
رۆژی پێنجشەممە 26-03-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە سەربازییە وێرانکەرەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی 10 رۆژ رادەگرێت. 
 
ترەمپ لە ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ماوەی وێرانکردنی وێستگەکانی وزە بۆ رۆژی دووشەممە، 6ـی نیسانی 2026، کاژێر 8:00ـی شەو بە کاتی رۆژهەڵات [3:00ـی بەرەبەیانی رۆژی 7ـی نیسان بەکاتی هەولێر]، دوادەخەم."
 
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران "زۆر بە باشی دەڕۆن" و گوتی: "ئێران بە تەوندی لێی دراوە و ئێستا بۆ رێککەوتن دەپاڕێنەوە." 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران وەک "بژاردەیەک" لە سەر مێزەکەی ماوەتەوە، هاوشێوەی ئەو مامەڵەیەی واشنتن لەگەڵ ڤەنزوێلا کردی دوای رووخاندنی نیکۆلاس مادورۆ.
 
لەلایەکی دیکە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری لوبنان و دروستکردنی "ناوچەی دابڕێنەر،" پێویستیی بە هێزی زیاتر هەیە. 
 
جەنەڕاڵ ئیفی دەفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل گوتی: "بەرەی لوبنان و ناوچە بەرگرییەکانی پێویستیان بە هێزی زۆرترە،" ئاماژەی بەوەش کرد، سوپا ئێستا لە چەندین بەرەی وەک کەرتی رۆژاوا، غەززە و سووریاش لە ناو شەڕدایە.
 
سوپای ئیسرائیل کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە باشووری لوبنان راگەیاند، بەوەش ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە 2ـی ئادارەوە گەیشتە 4 سەرباز.
 
یائیر لاپید، سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل هێرشی تووندی کردە سەر حکومەت و رایگەیاند، وڵاتەکە بەرەو "کارەساتی ئەمنی" دەڕوات. 
 
لاپید گوتی: "حکومەت سوپای ناردووە بۆ جەنگێکی چەند بەرەیی بێ ستراتیژ و بە سەربازێکی یەکجار کەمەوە؛ ئەوان سوپایان لە ناو مەیدانی جەنگدا بە برینداری جێهێشتووە."
 
حیزبوڵڵا بۆ جاری سێیەم بە فەرمی هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە هەبوونی شانە و چەکدارەکانیان لە ناو خاکی کوێت دەکەن.
 
دوێنێ شەو، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی باکووری تاران بیسترا و پێش تەقینەوەکانیش دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسماندا هەبووە، بەڵام هێشتا شوێنی پێکانەکان دیار نین.
 
لە پێشهاتێکی نوێدا، بەرپرسێکی سوپای پاسداران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی راگەیاند، دەستیان کردووە بە دامەزراندنی منداڵانی تەمەن 12 ساڵان بۆ بەڕێوەبردنی بازگەکانی ناو تاران و راپەڕاندنی ئەرکە ئەمنییەکان. دانیشتووانی تاران دەڵێن مێرمنداڵیان بینیوە بە جلی سڤیل و بە چەکی کڵاشینکۆفەوە لە بازگەکاندا راوەستاون.
 
لەلایەکی دیکە، بانکی جیهانی رایگەیاند، ئامادەیە هاوکاریی دارایی بە پەلە و گەورە پێشکێشی ئەو وڵاتانە بکات کە بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە تووشی داڕمانی ئابووری یان گرانیی سووتەمەنی بوون.