حووسییەکان لەبارەی چوونە نێو جەنگ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل: دەستمان لەسەر پەلەپیتکەیە
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "دەستیان لەسەر پەلەپیتکەیە" بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ لە ئەگەری بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر ئێران و وڵاتانی "بەرەی مقاوەمە."
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوەی لە ناوچەکە روودەدات "پلانێکی زایۆنییە" بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ گۆڕینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دروستکردنی ئەوەی ناویان ناوە "ئیسرائیلی گەورە."
سێ مەرج بۆ دەستوەردانی سەربازیی راستەوخۆ
حووسییەکان لە راگەیێندراوەکەیاندا سێ مەرجیان دیاریکردووە کە ئەگەر بێتە پێش، بە شێوەی مەیدانی و راستەوخۆ دەستوەردانی سەربازی دەکەن، ئەوانیش:
- دروستبوونی هەر هاوپەیمانییەکی نوێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی مقاوەمە.
- بەکارهێنانی دەریای سوور بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران یان هەر وڵاتێکی دیکەی موسڵمان.
- بەردەوامبوونی پێشهاتە سەربازییەکان دژی ئێران و وڵاتانی هاوپەیمانی بەپێی ئەوەی مەیدانی شەڕەکە دەیخوازێت.
داواکارییەکان بۆ وەستاندنی شەڕ
حووسییەکان داوای "وەستاندنی دەستبەجێ"ی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کردووە بۆ سەر ئێران، غەززە، لوبنان و عێراق. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە دەبێت رێککەوتنی غەززە جێبەجێ بکرێت و مافە مرۆیی و شەرعییەکانی گەلی فەڵەستین دابین بکرێن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن هۆشدارییان داوە لە هەر هەوڵێک بۆ تووندکردنی گەمارۆی سەر گەلی یەمەن و رایانگەیاندووە، "ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێمە تەنیا دوژمنی ئیسرائیلی و ئەمریکی دەکاتە ئامانج بۆ شکستهێنان بە پلانەکان و مەبەستمان زیان گەیاندن نییە بە هیچ گەلێکی موسڵمان."