ئیسرائیل 50 هەزار سەربازی دیکە بۆ بەرەی لوبنان زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سوپاى ئیسرائیلە لە باشوورى لوبنان لە پێشڕەوییەکانی بەردەوامە، ئامانجیانە تاوەکو رووبارى لیتانى بچن کە 30 کیلۆمەتر لە سنوورى ئیسرائیلەوە دوورە.
بۆ بەدیهێنانى ئەو ئامانجە، ئیسرائیل 15 هەزار سەربازی دیکەیان پێویستە.
ئیفی دیفرین، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە بەرەی لوبنان، ئەو ناوچە بەرگرییەی دروستیدەکەین، پێویستی بە هێزی زیاتری سوپای ئیسرائیلە."
هێرشى زەوینیی ئیسرائیل لە 16ى ئادارەوە دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا پێنج یەکەى سەربازى لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بەشدارن.
لەوکاتەوە، ئیسرائیل کوژرانى 5 سەرباز و برینداربوونى 50ى دیکەى راگەیاندووە.
لە بەرامبەردا، بەهۆى هێرشە ئاسمانییەکان و پێشڕەوییەکان، لوبنان دووچارى یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکان بووەتەوە، بە کوژرانى سەروو هەزار کەس و ئاوارەبوونى زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتی.
تارق میتری، جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنان رایگەیاند، "ئێمە بەپێی توانامان هەموو پێشێلکارییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی تۆمار دەکەین، گومان لەوەدا نییە ئیسرائیل تاوانی جەنگ دەکات. هیوادارین لە ئەگەری دەستپێکردنی هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ ئێرانییەکان، لوبنان لەبیر نەکرێت."
سوپاسالارى ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە سوپای وڵاتەکەی "لەسەر لێواری داڕمانە" بەهۆی دابەشبوونی بەسەر چەندین بەرەی جیاوازدا، بۆیە، حکومەت رەزامەندیی لەسەر بانگکردنی 50,000 سەربازی یەدەگ دەربڕیوە.