هەواڵگریی ئەمریکا: تەنیا یەک لەسەر سێی کۆگاکانی مووشەکی ئێران بە دڵنیاییەوە لەنێوچوون
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە مانگێک نزیک دەبێتەوە، سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە واشنتن دەتوانێ بە دڵنیاییەوە بڵێت یەک لەسەر سێی کۆگا گەورەکانی مووشەکی ئێرانی لەنێوبردووە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێ، بە پێی زانیاریی پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە هەواڵگریی ئەمریکا، یەک لە سەر سێی کۆگا مووشەکییەکانی ئێران لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەنێوچوون، یەک لەسەر سێی دیکەیان ماون و چارەنووسی یەک لە سەر سێی دیکەیان ناڕوونە، هەرچەندە پێدەچێ لە هێرشە ئاسمانییەکاندا زیانیان بەرکەوتبێت یان لەنێو تونێل و حەشارگە ژێرزەوینییەکاندا مابنەوە.
ئەم هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییە لەگەڵ لێدوانە گشتییەکانی دۆناڵد ترەمپ یەکناگرێتەوە کە رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند: "تەنیا چەند مووشەکێکی کەم بۆ ئێران ماون."
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەیان بەپێی پلان بەڕێوەدەچێت. تاوەکو رۆژی چوارشەممە، ئەمریکا زیاتر لە 10 هەزار ئامانجی سەربازی لە ناوخۆی ئێران پێکاوە و 92%ی کەشتییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێرانی نوقم کردووە.
بەڵام کێشە گەورەکە لای واشنتن، "شارە مووشەکییەکان" و حەشارگە ژێرزەوینییەکانی ئێرانە. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رۆژی 19ی ئەم مانگە دۆخی تونێلەکان و کۆگا مووشەکییەکانی ئێرانی بە تونێلەکانی حەماس لە غەززە چواند و رایگەیاند، ئێران هەموو داهاتێکی بۆ دروستکردنی ئەو تونێلانە بەکارهێناوە.
سەرەڕای چڕیی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، تاران نیشانی داوە کە هێشتا چەک و کەرەستەی سەربازی لەبەردەستە. رۆژی پێنجشەممە ئێران 15 مووشەکی بالیستی و 11 درۆنی ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کرد. هەروەها چەند رۆژێک لەمەوبەر مووشەکی دوورهاوێژی ئاراستەی بنکەی سەربازیی (دیێگۆ گارسیا) لە زەریای هیندی کرد.