نەعیم قاسم: دانوستاندنی راستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل "گوناهێکی گەورەیە" و لێی بێدەنگ نابین
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان دژایەتیی تووندی خۆی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆی لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕی و بە "گوناهێکی گەورە" ناوی برد. هۆشداریش دەدات کە ئەم هەنگاوە لوبنان دەخاتە "گێژاوی ناسەقامگیری"یەوە و بزووتنەوەکەی بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن.
نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان لە راگەیێندراوێکدا کە لە کەناڵی مەناری سەر بە حیزبوڵڵاوە بڵاوکرایەوە، رایگەیاند، "بە تەواوی دانوستاندنی راستەوخۆ رەتدەکەینەوە و با دەسەڵاتداران بزانن کە کارەکانیان نە سوود بە لوبنان دەگەیەنێت و نە بە خۆیان."
ئەم قسانەی نەعیم قاسم دوای ئەوە دێن کە لە دوای هەڵگیرسانی دوایین جەنگی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 2ی ئادار، باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیل لە واشنتن دوو گەڕی دانوستاندنی راستەوخۆیان کرد، کە ئەمە یەکەمین دیداری لەو شێوەیە بوو لە ماوەی دەیان ساڵدا.
دوای گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی 10 رۆژەی راگەیاند کە لە 17ی نیسانەوە دەستیپێکرد و دوای گەڕی دووەمیش بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژکرایەوە.
نەعیم قاسم لە راگەیێندراوەکەیدا رەخنەی تووندی لە حکومەتی لوبنان گرت و گوتی، "ئەستەمە ئەم دەسەڵاتە بەردەوام بێت لە کاتێکدا مافەکانی لوبنان بەفیڕۆ دەدات، دەستبەرداری خاک دەبێت و رووبەڕووی گەلە خۆڕاگرەکەی دەبێتەوە." هۆشداریشیدا کە بەرپرسیارێتیی حکومەتە "پاشگەز ببێتەوە لەو گوناهە گەورانەی کە لوبنان دەخاتە گێژاوی ناسەقامگیرییەوە و بەرپرسیارە لە راگرتنی دانوستاندنە راستەوخۆکان لەگەڵ دوژمنی ئیسرائیلی و گرتنەبەری رێگەی ناڕاستەوخۆ."
بەرپرسانی لوبنان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئامانجی دانوستاندنەکان بە چاودێریی ئەمریکا، راگرتنی جەنگ، کشانەوەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانیان، دوای ئەوەی پێکدادانەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیان ئاوارە کرد.
بەڵام نەعیم قاسم دەڵێت، "ئەم دانوستاندنە راستەوخۆیانە و ئەنجامەکانیان بۆ ئێمە وەک ئەوە وان کە هەر روویان نەدابێت، لە دوور و نزیکەوە پەیوەندییان پێمانەوە نییە."
هەروەها جەختی کردەوە، "ئێمە بەردەوامین لە بەرگریی خۆڕاگریمان بۆ لوبنان و گەلەکەی... و وەڵامی دەستدرێژیی ئیسرائیل دەدەینەوە و رووبەڕووی دەبینەوە. دوژمن هەرچەندە هەڕەشە بکات، ئێمە پاشەکشێ ناکەين، ملکەچ نابین و شکست ناهێنین. ئێمە دەستبەرداری چەک و بەرگریکردن نابین و دوژمنی ئیسرائیلی لەسەر یەک بست لە خاکی داگیرکراومان نامێنێتەوە."
سەرەڕای ئاگربەستەکە، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانکردنی باشووری لوبنان. هێزەکانیشی ئۆپەراسیۆنی رووخاندن و تەقاندنەوەی بەرفراوانیان لە چەندین شارۆچکەی سەر سنوور کردووە و "هێڵێکی زەرد"یان راگەیاندووە کە دەیان گوند لە ناوچەکانی دیکەی لوبنان دادەبڕێنێت.
لە بەرامبەردا، حیزبوڵڵا رایدەگەیێنێت کە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان و مووشەک و درۆن ئاراستەی باکووری ئیسرائیل دەکات.
بەگوێرەی دەقی رێککەوتنی ئاگربەستەکە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت حکومەتەکانی لوبنان و ئیسرائیل پەسندیان کردووە، ئیسرائیل "مافی خۆی دەپارێزێت بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە هەر کاتێکدا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکاندا و ئەم مافە بە راگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان کاری تێناکرێت."
ئەم بڕگەیە لەلایەن حیزبوڵڵاوە بە تووندی رەتکراوەتەوە، کە دەڵێت دەقی رێککەوتنەکە پیشانی حکومەت نەدراوە، کە حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی تێیدا بەشدارن. نەعیم قاسم رۆژی دووشەممە پرسیاری کرد: "ئایا دەسەڵات بڕیاریداوە شانبەشانی دوژمنی ئیسرائیلی دژی گەلەکەی کار بکات؟"
لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەکەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل لانی کەم 36 کەسیان کوشتووە، کە 14یان رۆژی یەکشەممە کوژراون، ئەمەش بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس کە پشتی بە زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان بەستووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە 2ی ئادارەوە، 2,509 کەس کوژراون و لانی کەم 7,755 کەسیش بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان بریندار بوون.