سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە عومان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە عومان، بڕیارە لەو سەردانەیدا چەند پرسێکی پەیوەست بە ناوچەکە باس بکات و چوار رێککەوتن لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و گومرگ واژۆ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئایاری 2025 مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە بانگهێشتی فەرمیی سوڵتانی عومان گەیشتە ئەو وڵاتە و لەلایەن شەهاب بن تاریق ئال سەعید، جێگری سەرۆکوەزیرانی عومان و بەدر بن حەمەد ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە پێشوازیی لێکرا.
لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ مەسقەت پزیشکیان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "ئامانج لەم سەردانە بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە، بەهێزکردنی ئاشتی و ئارامی، بەدواداچوون بۆ دۆخی غەززە و گەیشتن بە روانگەیەکی هاوبەش لەو بوارانەدا."
رۆژی 21ی ئایاری 2025 مەهدی سەنایی، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان "دوو رۆژ لە عومان دەبێت و چوار رێککەوتن لە بوارەکانی بازرگانی، وەبەرهێنان و گومرگ واژۆ دەکەن."
دوێنێ دووشەممە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەردانی مەسعود پزیشکیان بۆ عومان پەیوەندیی بە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکاوە نییە و لە چوارچێوەی پەیوەندیی دوولایەنەی وڵاتەکاندایە.
عومان لە دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا رۆڵی نێوبژیوان دەگێڕێت، کە تاوەکو ئێستا پێنج جار کۆبوونەتەوە و سێ جاریان لە عومان بووە.