عێراق ئۆتۆمبێلی J4ی ئێرانی هاوردە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 کۆمپانیاى کرمان مۆتۆرى ئێرانى رایگەیاند، یەکەم کاروانى ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانى هەناردەی عێراق کردووە. بەمەش عێراق دەبێتە یەکەم وڵات بەرهەمی ئەو کۆمپانیایە ئێرانییە بکڕێت.
 
کۆمپانیاى کرمان مۆتۆر کە کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەتى کۆمارى ئیسلامى ئێرانە بۆ دروستکردنى ئۆتۆمبێل، لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەفتەى رابردوو یەکەم کاروانى ئۆتۆمبێلەکەى هەناردەى عێراق کردووە کە لە جۆرى (J4)ـە.
 
سامان فەیروزى، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى کرمان مۆتۆر رایگەیاندووە، عێراق یەکەم وێستگەى هەناردەکردنى ئۆتۆمبێلەکانیانە و لە قۆناخى دووەمدا ئۆتۆمبێلەکانیان هەناردەى رووسیا، باکوورى ئەفریقا و وڵاتانى کۆمۆنوێڵس دەکەن، كە 53 وڵات دەگرێتەوە و بەریتانیا و ئوسترالیا دیارترین وڵاتەکانییەتى.
 
سامان فەیروزى ئاماژەى بەوەشدا ئەمساڵ، بەنیازن چوار هەزار ئۆتۆمبێلى جۆرى (J4) هەناردە بکەن.  
 
بەگوێرەى ئەو ئامارە فەرمیانەى کۆمارى ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردوونەتەوە، ساڵى 2022 ئەو وڵاتە بایی 10 ملیار دۆلار کاڵاى هەناردەى عێراق کردووە.