ئیسرائیل: ئەگەر پێویست بکات هێرشدەکەینەوە سەر ئێران

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هەر کاتێک پێویست بکات بۆ لەنێوبردنی بنکە ئەتۆمی و پڕۆگرامی مووشەکی ئێران، هێرشدەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە. دەشڵێت، دەیانویست رێبەری ئێران بکوژن، بەڵام هیچ دەرفەتێکیان بۆ رێکنەکەوت. 
 
یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەبارەت بە هەوڵی وڵاتەکەی بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەگەر بماندۆزیبایەوە، دەمانکوشت". گوتیشی، "زۆر بە دوایدا گەڕاین، بەڵام هیچ دەرفەتێکمان بۆ رێکنەکەوت". 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەتا نەیاندەزانی ئەمریکا بەشداری هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران دەکات.
 
رۆژی 17ـی حوزەیران، ترەمپ لە تروس سۆشیال بڵاویکردەوە، "دەزانین رێبەری باڵا لەکوێ خۆی شاردووەتەوە. ئەو ئامانجێکی ئاسانە، بەڵام لە شوێنێکی سەلامەتە. ئێستا نامانەوێت بیکوژین". بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: "پێویستمان بە رەزامەندیی ئەمریکا بۆ ئەو شتانە [کوشتنی خامنەیی] نییە". 
 
رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل هێرشیکردە سەر ئێران و دواتر جەنگی هەردوولا دەستیپێکرد. رۆژی 24ـی هەمان مانگیش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی هەردوولای راگەیاند. 
 
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دەشڵێت، نازانن یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران لە کوێیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر پێویست بکات و ئێران دەست بە پڕۆگرامی ئەتۆمی یان پڕۆگرامە مووشەکییەکەی بکاتەوە ئەوا هێرشدەکەنەوە سەر ئەو وڵاتە. 
 
ئیسرائیل و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا دەڵێن، نابێت ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت و ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمە لەکاتێکدایە بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە واز بەرنامە ئەتۆمییەکەیان بهێننن.