لەدوای ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل؛ جەنگی غەززەش لە چاوەڕوانی ئاگربەستێکی نوێدایە
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری بارمتەکانی دەستی حەماس، چاوەڕێی مژدەیەکی خۆشن، دوای ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران، هیواخوازن لە غەززەش ئاگربەست رابگەیێندرێت.
روبی کهین، باوکی یەکێک لە بارمتەکانی غەززەیە و باس لەوە دەکات، "ئێستا کاتی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتەیە، چونکە حەماس لە لاوازترین دۆخی دایە، رێککەوتنێکیان پێشکێش بکەن کە بتوانن قبووڵی بکەن، ئیسرائیلییەکانیش بتوانن قبووڵی بکەن، چونکە حەماس هەڕەشەیەکی ستراتیژیی نزیک نییە بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، هەروەک چۆن ئێران ئەمڕۆ وانییە، هەروەک چۆن حیزبوڵڵاش وانییە. تاوەکو بتوانین برا و خوشک، کوڕ و کچەکانمان بگەڕێنینەوە."
لیران بێرمان، برای یەکێک لە بارمتەکانە و دەڵێت، "12 رۆژی رابردوو بەڕاستی قورس بوون، ئەوەش تەنیا ساتێك بوو لە بینینی دۆخی بارمتەکان. ئەوان ماوەی 20 مانگە هەستی پێدەکەن. ئێمە ئێستا بۆ ماوەی 12 رۆژە هەستمان پێکرد، کاتێک زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیدەدا ئەمە ئەو هەستەیە کە ئەوان ماوەی 20 مانگە هەیانە."
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاندووە، لایەنەکانی نێودەندگیر هەوڵەکانیان چڕتر کردووەتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی جەنگی 20 مانگەی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان.
گفتوگۆکانی ئاگربەستی غەززە کە پێش جەنگی ئیسرائیل و ئێران راگیران؛ پێشنیازەکەی ئەمریکایان گفتوگۆ دەکرد و بریتی بوو 60 رۆژی ئاگربەست و ئازادکردنی 28 بارمتەی زیندوو و مردوو، لە بەرامبەر ئازادکردنی زیاتر لە هەزار و 200 دەستبەسەری فەلەستینی.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتەکی ناتۆ باسی لە پێشهاتەکان ئاگربەستی غەززە کرد و رایگەیاند، "پێموایە پێشکەوتن بەدەست دێت. پێموایە پێشکەوتنێکی گەورە لە غەززە بەدەست دێت. پێموایە بەهۆی ئەم هێرشەی کە کردمان، بەمزووانە هەواڵی زۆر خۆشمان دەبێت. قسەم لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف کرد و پێیگوتم کە غەززە زۆر نزیکە."
بەگوێرەی دوایین ئاماری ئیسرائیل؛ هێشتا 49 بارمتە لەنێو کەرتی غەززە ماون، کە کوژرانی 27یان پشتڕاستکراوەتەوە.