گەشتی ئاسمانیی مەشهەد-ئیستەنبووڵ دەستیپێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری گەیاندنی تورکیا دەڵێت، ئەمڕۆ گەشتی ئاسمانیی نێوان مەشهەدی ئێران و ئیستەنبووڵی تورکیا دەستی پێکردەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هێشتا حەوت فڕۆکەیان لە ئێران گیریانخواردووە. 
 
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی حوزەیرانی 2025، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گەیاندنی تورکیا لە گوتەیەکدا لە ئیستەنبووڵ دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان شاری ئیستەنبووڵ و شاری مەشهەدی ئێرانی راگەیاند. 
 
عەبدولقادر ئورالئۆغڵو باسی لە 11 فڕۆکە گیرخواردووەکانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیشی لە عێراق و ئێران کرد و رایگەیاند، شەوی رابردوو چوار فڕۆکە گیرخواردووەکانیان لە عێراقەوە بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە تورکیا.  
 
وەزیری گەیاندنی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، حەوت فڕۆکە گیرخواردووەکەی دیکەیان لە فڕۆکەخانەکانی تەورێز و تارانی ئێرانن؛ گوتیشی، بڕیارە رۆژی 2ـی تەممووز ئاسمانی ئێران بە تەواوی بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بکرێتەوە و ئیدی حەوت فڕۆکە گیرخواردووەکەیان دەگەڕێننەوە. 
 
وەزیری گەیاندنی تورکیا هەروەها رایگەیاند، لە رۆژی 26ـی مانگەوە گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ عێراق، سووریا، ئوردن، لوبنان، سعودیە، قەتەر، بەحرێن، کوێت و ئیمارات دەستیانپێکردوەتەوە. 
 
لە 13ـی حوزەیران ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و دواتر تاران وەڵامی دایەوە. جەنگەکەش بووە هۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران لە نێوخۆ و بۆ دەرەوە.