جەنگی دوازدە رۆژەی ئێران - ئیسرائیل بە ژمارە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ئاماری جەنگی دوازدە رۆژەی لەگەڵ ئێران بڵاوکردەوە کە نیشانی دەدات:
- هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 12 رۆژدا بووەتە هۆی کوژرانی 28 کەس کە یەکێکیان سەرباز و 27ی دیکەیان سڤیل بوون.
- هەر بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە 3 هەزار و 238 کەس بریندار بوون. دۆخی 23 کەس لەوانە سەخت، 111 مامناوەند، 2 هەزار و 933 کەس برینیان سووکە، 138 کەس بەهۆی ترس تووشی دڵەڕاوکێی تووند بوون و 30 کەس دۆخیان دیارینەکراوە.
- زۆربەی بریندارەکان سڤیل بوون؛ تەنیا حەوت سەرباز بریندار بوون.
- ئێران نزیکەی 550 مووشەکی بالیستی هاویشت و نزیکەی هەزار درۆنی بۆمبڕێژکراوی ئاراستە کرد.
- نزیکەی 90٪ی مووشەکەکانی ئێران لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و ئەمریکاوە تێکشکێندران.
- لانیکەم 31 مووشەکی بالیستی بەر شوێنی نیشتەجێبوون و ژێرخانی گرنگی ستراتیجی کەوتن، لە نێویاندا وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە باشووری ئیسرائیل، پاڵاوگەیەکی نەوت لە حەیفا و زانکۆیەک لە نێوەڕاستی ئیسرائیل.
- دەیان مووشەکی بالیستیی ئێران لە چۆڵەوانییەکان کەوتنە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی ئەوتۆیان هەبێت.
- زۆربەی هەزار درۆنەکە کە خاوتر دەڕۆن، بەڵام شوێنکەوتنیان زەحمەتە، نەیانتوانی بگەنە سنووری ئیسرائیل.
- 99٪ی ئەو درۆنانەی مەترسی بوون بۆ سەر ئیسرائیل، لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی، هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی ئیسرائیل خرانە خوارەوە.
- تەنیا یەک درۆن لە شارۆچکەی بەیت شان لە باکووری ئیسرائیل بەر ماڵێک کەوت؛ زیانی گەورەی مادی لێکەوتەوە بەڵام زیانی گیانی نەبوو.
- سوپای ئیسرائیل مەزەندە دەکات نزیکەی 250 مووشەکهاوێژی بالیستیی ئێران، واتە دوو لەسەر سێی کۆی گشتییان، بە هێرشەکانی ئیسرائیل لەنێوبردراون.
- هەروەها نزیکەی هەزار مووشەکی بالیستیی ئێران پێش هاویشتنیان لەنێوبردراون.
- ئێستا ئێران هەزار تاوەکو هەزار و 500 مووشەکی بالیستی و نزیکەی 100 مووشەکهاوێژی ماوە.
- 80 دەزگای سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لەنێوبردراون (هەر دەزگایەک لە رادار، ناوەندی لێکدانەوەی زانیاری و مووشەک هاوێژ پێکدێت).
- پێچەوانەی راپۆرتە میدیاییەکانی ئێران، ئێرانییەکان نەیانتوانیوە هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی ئیسرائیل بخەنە خوارەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە کە دوو درۆنیان تێکشکێندراون.
- فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی جەنگەکەدا زیاتر لە هەزار دەرچوونیان هەبوو.
- زیاتر لە 600 جار فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانەوە سووتەمەنییان پڕکرایەوە.
- هەزاران بۆمب و مووشەک بەسەر سەتان ئامانج بەردرانە خوارەوە.
بنکە ئەتۆمییەکان
- سوپای ئیسرائیل دەڵێت "زیانی بەرچاوی" بە بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئەسفەهان گەیاندووە.
- هەروەها ئەمریکا بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆی لەژێر زەویدا بە بۆمبی حەشارشکێن بۆردوومان کرد.
- دەیان شوێنی دیکەی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بۆردوومان کران، لەنێویاندا ناوەندی ئەراک بۆ ئاوی قورسی ئەتۆمی، ناوەندی ئەرشیڤی ئەتۆمی و چەندین شوێنی دروستکردنی سەنتەرفیوج (ئامێری گۆڕینی یۆرانیۆمی خاو بۆ یۆرانیۆمی تیشکدەری مەترسیدار).
- قەبارەی ئەو زیانەی بەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران کەوتووە ناڕوونە. بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، بەرنامە ئەتۆمییەکە "سڕدراوەتەوە". میدیای ئەمریکی بە پشتبەستن بە زانیاریی دزەپێکراوی هەواڵگریی وڵاتەکە دەڵێت، زیانی بەرکەوتووە بەڵام لەنێونەچووە. ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل رۆژی سێشەممەی رابردوو گوتی: "بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانمان بە ساڵ گەڕاندووەتەوە دواوە.
- سوپای ئیسرائیل دەڵێت، نزیکەی 30 فەرماندەی سەربازیی ئێرانی کوشتووە.
- بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، سەتان پاسدار و چەندین بەسیج بە هێرشە ئاسمانییەکان کوژراون.
- بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لانیکەم 610 کەسی سڤیل بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون.
تێبینی: زۆربەی زانیارییەکانی سەرەوە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە خراونەتەڕوو. ئامار و زانیاریی هیچ دەزگایەکی سەربەخۆ بەردەست نەبوون بۆ پشتڕاستکردنەوەیان.