بەریتانیا: دەبوو ئیسرائیل زووتر رێگەی بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە دابا


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ کردنەوەی رێڕەوی وشکانی و ئاسمانییە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی غەززە، بەڵام دەبوو ئەوە زووتر کرابا. دەشڵێت، پلانیان هەبوو بەشێکی منداڵە نەخۆشەکانی غەززە بۆ چارەسەر ببەنە وڵاتەکەیان. 

رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، دەیڤد لامی لەبارەی رێگەدانی ئیسرائیل بە گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە رایگەیاند، "وەستانێکی کاتیی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆ رێگەدان بە کردنەوەی رێڕەوە مرۆییەکان و دەستپێکردنەوەی بەردانەوەی هاوکاری لە ئاسمانەوە، زۆر گرنگە بەڵام دەمێک بوو دەبوو بکرایە". 
 
دەشڵێت، "سەرۆکوەزیران (کیەر ستامەر) پێشتر پلانی راگەیاندووە بۆ کارکردن لەگەڵ ئوردن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ نێو غەززە و بۆ گواستنەوەی ئەو منداڵانەی کە پێویستیان بە یارمەتیی پزیشکیی بەپەلەیە بۆ بەریتانیا بە مەبەستی چارەسەرکردن".
 
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە". 
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "دەبێت گەیشتنی هاوکارییەکان خێراتر بکرێن لە کاژێر و رۆژانی داهاتوودا. ئەم راگەیاندنە بە تەنیا ناتوانێت پێداویستییەکانی ئەوانە پڕبکاتەوە کە لە غەززە بە نائومێدی دەناڵێنن." 
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە، "بەریتانیا پشتگیری لە هەوڵەکانی قەتەر، میسر و ئەمریکا دەکات وەک نێوەندگیر و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات دەست بە گفتوگۆکان بکەنەوە لەسەر رێگایەک بۆ ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی". 
 
ئەمڕۆ پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پاڵپشتی لە هەنگاوەکەی ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "هاوکاریی خۆراکی تاکە سەرچاوەی راستەقینەی خواردنی زۆربەی خەڵکی ناو غەززەیە. سێیەکی دانیشتووان بۆ چەندین رۆژ هیچ ناخۆن. نزیکەی 470 هەزار کەس لە برسێتیی سەختدان".