پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی: 470 هەزار کەس لە غەززە لە برسێتیی دژواردا دەژین


رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی بڵاویکردەوە، هاوکاریی مرۆییان بەشی تەواوی دانیشتووانی غەززە بۆ سێ مانگی داهاتوو هەیە یان بەدەست دەگات. دەشڵێت، ئێستا 470 هەزار کەس لەو کەرتە لە برسێتیی دژواردان. 

رۆژی یەکشەممە، 27ـی تەممووزی 2025، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە ئێکس راگەیێندراوێکی سەبارەت بە رێگەدانی سوپای ئیسرائیل بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بە غەززە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی پێشوازی لەو هەواڵە دەکات کە ئیسرائیل ئامادەیە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە جێبەجێ بکات و رێگەی مرۆیی بۆ ئاسانکاریی گواستنەوەی سەلامەتیی هاوکاریی مرۆیی بەپەلە بۆ خەڵکی غەززە بکاتەوە". 
 
دەشڵێت، "پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی خۆراکی پێویستی لە ناو یان لە رێگەدان بەرەو ناوچەکە بۆ تەواوی 2.1 ملیۆن دانیشتووی غەززە بۆ نزیکەی سێ مانگی داهاتوو هەیە". 
 
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "دەست بە بەردانەوەی یەکەم بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە دەکەین". گوتیشی، "ئەم هەنگاوە بۆ ئاسانکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانە". 
 
پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەفتەی رابردوو، تیمەکانی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی 350 بارهەڵگر هاوکاریی خۆراکییان گەیاندە غەززە لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا کە هاووڵاتییانی سڤیل و کارمەندانی گەیاندنی هاوکارییەکان لە مەترسییەکی گەورە دابوون. ئەمە تەنیا نزیکەی نیوەی ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەیە کە پڕۆگرامی جیهانیی خۆراک داوای مۆڵەتی کردبوو بۆ ناردنیان."
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی جەختی لە گرنگی هاوکارییەکانیان بۆ غەززە کردەوە و گوتی، "هاوکاری خۆراکی تاکە سەرچاوەی راستەقینەی خواردنی زۆربەی خەڵکی ناو غەززەیە. سێیەکی دانیشتووان بۆ چەندین رۆژ هیچ ناخۆن. نزیکەی 470 هەزار کەس لە برسێتیی سەختدا دەژین".