تۆم باراک لە لوبنان بە رۆژنامەڤانان دەڵێت "شارستانیانە" رەفتار بکەن بۆئەوەی کۆنفرانسەکە "ئاژەڵانە" نەبێت
رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە کۆشکی کۆماریی لوبنان داوای لە رۆژنامەڤانان کرد "شارستانیانە" رەفتار بکەن، بۆئەوەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە هاوشێوەی "رەفتاری ئاژەڵان"ی لێنەیەت.
رووداوەکە دوای کۆبوونەوەی باراک و مۆرگن ئۆرتاگۆسی جێگری بوو لەگەڵ سەرکردەکانی لوبنان، لە نێویاندا جۆزێف عەون، سەرۆکی وڵاتەکە.
دوای ئەوەی دەنگەدەنگ لەکاتی پرسیارکردن دروستبوو، باراک پەست بوو و چووە سەر سەکۆی هۆڵەکە و لەوێوە بە زمانێکی تووند داوای کرد ئارام بن، وێڕای ئەوەی کە ئەم جۆرە پشێوییە لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانی سەرانسەری جیهان، بەتایبەتی کاتێک پرسیار لەسەر بابەتی گرنگ دەکرێت، شتێکی باوە.
باراک بە رۆژنامەڤانانی هۆڵەکەی گوت، "هەرکە ئەم [کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییە] ئاژاوەی تێکەوت و وەک رەفتاری ئاژەڵانی لێهات، ئێمە دەڕۆین. ئەگەر دەتانەوێت بزانن چی روودەدات، شارستانیانە رەفتار بکەن، باش رەفتار بکەن، لێبووردەییانە رەفتار بکەن."
هەروەها بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، هەر ئەم جۆرە رەفتارەیە کە "بووەتە کێشەی ناوچەکە."
ئەم جۆرە زمانە تووندەی دیپلۆماتە ئەمریکییەکە رەخنەی ئاگرینی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێنا.