ژمارەی گیانلەدەستدان لە غەززە 7,320 کەسی تێپەڕاند؛ "زۆربەیان ژن و منداڵن"

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی تەندروستیی غەززە دوایین ئاماری گیانلەدەستدانی بەهۆی بۆردوومانەکانی ئسیرائیلەوە بۆ سەر کەرتەکە راگەیاند و دەڵێت، تاوەکو ئێستا لانیکەم 7326 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی یەکەمی 2023، تەندروستیی غەززە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەردەم نەخۆشخانەی شیفای کەرتەکە راگەیاند، سێ هەزار و 38 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە منداڵن و هەزار و 726 کەسیش ژنن، 414 کەسی بەتەمەنن. 
 
تەندروستیی غەززە دەشڵێت، 18 هەزار و 967 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی غەززە، نزیکەی 45٪ی باڵەخانە و یەکەی نیشتەجێبوون لە کەرتەکە بە تەواوەتی خاپوورکراون یان زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە جگە لە هێرشکردنە سەر 219 دامەزراوەی دیکەی پەروەردەیی. 
 
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، نزیکەی 1.4 ملیۆن کەسی کەرتی غەززە ئاوارە بوونە و 101 کارمەندی تەندروستیش کوژراون.
 
بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیلیش لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار و 405 کەس لە ئیسرائیل کوژراون و نزیکەی پێنج هەزار و 431 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
لەنێو کوژراوەکانی ئیسرائیلدا 366 سەرباز و پۆلیسی ئیسرئیلی هەن. بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لەو ماوەیەدا لە کەرتی رۆژئاوا بەهۆی پێکدادان و گرژییەکانەوە 103 کەس کوژراون، هەزار و 900 کەسی دیکەش برینداربوون و هەزار و 450 کەسی دیکەش دەستگیرکراون.
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە 224 کەس لە لایەن حەماسەوە بە دیل گیراون، دوای ئەوەی کە 7ی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل لە دەوروبەری کەرتی غەززە. 
 
رۆژی شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ـی راگەیاند.