ئوردن: لەدوای رووخانی ئەسەدەوە 18,000 سووریایی چوونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئوردن دەڵێن، لەوکاتەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا رووخاوە، نزیکەی 18 هەزار سووریایی چوونەتەوە وڵاتی خۆیان و ئوردنیان جێهێشتووە.
رۆژی پێنجشەممە، 26-12-2024 مازن فەرایا، وەزیری ناوخۆی ئوردن بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوت: "لە نێوان 8 بۆ 26ـی مانگ نزیکەی 18 هەزار سووریایی چوونەتەوە وڵاتی خۆیان."
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەم دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەلایەن دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە هاوپەیمانەکانی رووخێنرا. چەکدارەکان توانییان بەبێ بەرپەچدانەوە بچنە نێو دیمەشق و کۆتایی بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد بهێنن.
بەگوتەی فەرایا، لەوانەی چوونەتەوە، دوو هەزار و 300 کەسیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کرابوون.
عەمان دەڵێت، لەوکاتەوەی جەنگی ناوخۆی سووریا لە 2011 دەستی پێکرد، ئوردن نزیکەی 1.3 ملیۆن هاووڵاتیی سووریای لەخۆگرت، لەو ژمارەیە 650 هەزار خێزان لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار کرابوون.