وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل: کورد لە حەلەب دەسڕێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، لە حەلەب کورد لەژێر پرۆسەی سڕینەوەدایە و رەخنەش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت کە بێ دەنگە لە ئاست ئەو پرۆسەیەدا. 
 
رۆژی چوارشەممە، 28ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ئێکس بڵاویکردەوە، "بەهۆی بێدەنگی نێودەوڵەتییەوە کورد لە حەلەب دەسڕێتەوە". دەشڵێت، "ئەوەی بەرامبەریان دەکرێت بەهۆی ئەوەیە کە کێن". 
 
رۆژی 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کرد. دواتر، هێزەکە گەڕەکەکانیان کۆنترۆڵ کرد و بەهۆی هێرشەکەشەوە سەدان کەس کوژران و هەزارانی دیکەش ئاوارە بوون. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە نووسینەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "مافەکانی مرۆڤ هەڵبژاردنی تێدا نییە و بێدەنگی لەو پرسەدا بێ لایەنی نییە". 
 
دوای هێرش بۆ سەر ئەو ناوچانە، هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کردە سەر رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو ناوچانەشیان کۆنترۆڵ کردووە. 
 
ئەو هێرشانە لە کاتێکدان چەند جارێک ئاگربەست لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا کراوە، بەڵام دواتر هەردوولا یەکدیان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبار کردووە.