حووسییەکان هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەڵمانی لە دەریای سوور
رووداو دیجیتاڵ
حووسییەکانی یەمەن بە دوو درۆن هێرشیانکردە سەر کەشتییەکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا و سوپای ئەڵمانیاش دەڵێت دوو درۆنەکە تێکشکێندراون و زیانیان نەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 28-02-2024، سوپای ئەڵمانیا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە: "کەشتیی جەنگیی فریگەیتی ئەڵمانی بە دوو درۆن لەلایەن حووسییەکانەوە کرایە ئامانج و کەشتییەکە سەرکەوتووانە هەر دوو درۆنەکەی تێکشکاند." سوپای ئەڵمانیاش دەڵێت "هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە."
ئەمە یەکەم هێرشی حووسییەکانە بۆ سەر کەشتییەکی سەربازیی ئەڵمانیا.
کەشتیی فریگەیتی ئەڵمانی بە بڕیارێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە 08-02-2024 بۆ "پاراستنی کەشتی و رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی دەریای سوور لە هێرشی حووسییەکان" نێردرایە ئەو ناوچەیە.
ئەوکات، یان کریستیان کاک، سەرۆکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا رایگەیاند، ناردنی کەشتیی جەنگیی فریگەیت "دەبێتە جیدیترین بەشداریی یەکەیەکی هێزی دەریایی ئەڵمانیا لە چەندین دەیەی رابردوودا".
جیا لە ئەڵمانیا؛ وڵاتانی وەک ئیتاڵیا، فەرەنسا و بەلجیکاش ئاماژەی ئەوەیان بەدەستەوە داوە کە ئارەزوومەندن بۆ ئەرکێکی هاوشێوە.
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12٪ـی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت.
حووسییەکانی یەمەن، کە بەشێکی زۆری وڵاتی یەمەنیان بەدەستەوەیە، لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە وەک "هاوسۆزیی بۆ گەلی فەلەستین" دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانی و سەربازییەکانی دەریای سوور کردووە.
تائێستا ئەمریکا و بەریتانیا چوار جار هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر پێگە جیاوازەکانی حووسییەکانی یەمەن. دوایین هێرش لە 24-02-2024 بوو، کە تێیدا دوو هاوپەیمانەکە 18 پێگەیان لە هەشت ناوچەی یەمەن کردە ئامانج.
هەمان رۆژ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم رایگەیاند: "مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانمان لە کەنداوی عەدەن خستەخوارەوە."