سوپای ئیسرائیل هۆشداری لە هێرشی مووشەکیی ئێران دەدات

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێ، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری وڵات لێدراوە و هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری هێرشی مووشەکی لەلایەن ئێرانەوە؛ داواش دەکات خەڵک بچنە پەناگەکان.
 
ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکی بەپەلەدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند خولەکی رابردوودا زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات لێدراوە و "لە رێگەی تەلەفۆنە مۆبایلەکانەوە نامەی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ هاووڵاتییان نێردراوە تاوەکو لە شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: "ئەمە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیە بۆ ئامادەکردنی خەڵک لە ئەگەری ئاراستەکردنی مووشەک لەلایەن ئێرانەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل."
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، پێویستە هاووڵاتییان بە وردی پابەندی رێنماییەکان بن و لە نزیکترین شوێنی پارێزراو و پەناگەکاندا بمێننەوە تاوەکو رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
ئەم هۆشدارییەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی "پێشوەختە و خۆپارێزی" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردووە. 
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ئیسرائیل داخران و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.