نێچیرڤان بارزانی و شەیبانی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و تێیدا دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیلیان تاوتوێ کرد.
رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هەر یەکە لە وەزیرانی دەرەوەی "سعودیە، قەتەر، تورکیا، بەحرەین، کوێت، ئوردن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجام دا."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دەڵێت، "دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانیان بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، تاوتوێ کران".
ئاماژە بەوەش دەکات، "ههردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە کردەوە".
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، لەو پەیوەندییانەدا دوایین پەرەسەندنەکانی ئاڵۆزیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و لێکەوتەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێ کراون. هەروەها باس لە دۆخی ئەو وڵاتانە کراوە کە بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا، وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هەرێمی و نێودەوڵەتی کردووەتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ئەسعەد شەیبانی ''هەڵوێستی جێگیر''ی سووریای دووپات کردووەتەوە لە وەستانەوە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و سەرکۆنەکردنی ئەو "هێرشە ئاشکرایانەی" کراونەتە سەریان، هەروەها رایگەیاندووە کە دیمەشق هەر جۆرە پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە رەتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لە پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورخستنەوەی گەلانی ناوچەکە لە مەترسییەکانی شەڕ.