گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێرش ناکەینە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، هێرش ناکەنە سەر وڵاتانی ناوچەکە. ئاماژە بەوەش دەکات: ''هێرشەکان تەنیا ئەو بەشە لە خاکی وڵاتان دەگرێتەوە کە بنکەی سەربازی و بەرژوەندییەکانی ئەمریکایان تێدان.''

ئێوارەی رۆژی شەممە، 28-02-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە: ''بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هەر جۆرە هاوکاری و بەشداریکردن لە کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانە بۆ سەر ئێران، دەبێتە هۆی بەرپرسیاربوونی ئەو وڵاتانەش.''
 
تاوەکو ئێستا لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، ئێران چەندین پێگەی سەربازی ئەمریکای لە وڵاتانی ناوچەکە کردووەتە ئامانج. ئیسماعیل بەقایی جەختی لەوە کردەوە: ''ئێمە هیچ هێرشێک ناکەینە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ، بەڵام ئەوەی کە روویداوە، بەرگریکردنمانە لە بەرامبەر دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا.''
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی لە خاکی وڵاتاندا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنێت، ''کەواتە ئەو بەشە وەک خاکی وڵاتانی دراوسێ هەژمار ناکرێ، چونکە لەژێر دەسەڵات و خاوەندارێتیی ئەمریکادایە و خەریکە دژی ئێمە بەکاریاندەهێنێت''.
 
ئیسماعیل بەقایی ئەوەشی خستەڕوو: ''هەڵوێستی بەرگریکارانەی ئێران دژی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێ، بەڵکو ئێمە وەک رابردوو دەستی دۆستیمان بۆ هەموو وڵاتانی دراوسێ درێژ دەکەین.''
 
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەکاتێکدان کە بەیانیی ئەمڕۆ لەدوای دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوان و هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەکەی، سوپای پاسدارانیش دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە و ئیسرائیل کرد.