میدیای ئیسرائیل: هێرشەکە لە لایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە دەکرێ و چەند مانگێکە پلانی بۆ دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئیسرائیل دەڵێ، ئەو هێرشانەی ئێستا لە ئارادان بە هاوئاهەنگی واشنتن و تەلئەڤیڤ دەکرێن. فەرماندەیی ناوخۆی ئیسرائیلیش رێنماییە ئەمنییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە.
رۆژی شەممە، کەناڵ 13ـی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی باڵای بەرگریی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە: "ئەمە هێرشێکی هاوبەشی ئیسرائیلی و ئەمریکییە و چەندین مانگە کارمان لەسەر کردووە و پلانی بۆ دادەنێین."
ئەم لێدوانەی بەرپرسە ئیسرائیلییەکە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ئەگەری هەیە لە چەند خولەکی داهاتوودا ئێران بە مووشەک هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، بەو هۆیەشەوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە زۆربەی ناوچەکان لێدرا.
هاوکات فەرماندەیی بەرەی ناوخۆی ئیسرائیل رێنماییەکانی بۆ هاووڵاتییان نوێکردەوە و داوای لێکردن بە هەموو شێوەیەک لە پەناگەکان و شوێنە پارێزراوەکان بمێننەوە و پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشێکی سەربازیی "پێشوەختە و خۆپارێزی" بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردووە.
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات، هەموو قوتابخانەکانی ئیسرائیل داخران و داوا لە خەڵک کراوە لە ماڵەوە بمێننەوە.