3,500 سەرباز و دەریاوانی دیکەی ئەمریکا گەیشتنە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دوو پێشهاتی گرنگی سەبارەت بە جەنگی ئێران بڵاوکردەوە؛ لە لایەکەوە هێزی نوێی وشکانی و ئاسمانی گەیشتوونەتە ناوچەکە، لە لایەکی دیکەشەوە سێنتکۆم بانگەشەیەکی میدیایی تاران رەت دەکاتەوە.
سێنتکۆم رایگەیاند، رۆژی 27ی ئادار 3500 دەریاوان و سەربازی مارێنزی ئەمریکا لە سەر کەشتیی جەنگیی (تریپۆلی) گەیشتوونەتە ناوچەی بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی ناوەندی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
بەپێی زانیارییەکانی سێنتکۆم، ئەم هێزە نوێیە لەمانە پێکهاتووە:
نزیكەی 3,500 دەریاوان و سەربازی مارێنز.
فڕۆکەی گواستنەوە و فڕۆکەی جەنگیی بۆردوومانکەر.
کەرەستەی پێشکەوتووی هێرشی وشکانی و ئامرازی تاکتیکی.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بە توندی بانگەشەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە. سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، هێرشی کردووەتە سەر "حەشارگەکانی" ئەمریکا لە شاری دوبەی لە ئیمارات و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە 500 سەربازی ئەمریکی.
سێنتکۆم رایگەیاند، "هیچ کارمەند و سەربازێکی ئەمریکی لە دوبەی هێرشی نەکراوەتە سەر. رژێمی ئێران لە سۆشیاڵ میدیا خەریکی دروستکردنی درۆیە تاوەکو ئەو راستییە بشارێتەوە کە تواناکانی سوپاکەیان بە شێوەیەکی حاشاهەڵنەگر تێکشکێندراوە و لاواز بووە."