لێکۆڵینەوەیەک: ئێران زیاتر لە 4500 هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا - ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو بوونەتە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکانی تاران و لە کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە 4,500 هێرشیان کراوەتە سەر.
لەوەتەی جەنگ لە 28ی شوباتی 2026 دەستی پێکردووە، ئێران بە گشتی 4,538 هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو. بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی بەرگریی سعودیە، ئیمارات، بەحرێن، قەتەر و کوێت.
هێرشەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:
کۆی گشتیی هێرشەکان: 4,538 هێرش
- هێرشە درۆنییەکان: 3,495 درۆنی بۆمبڕێژکراو
- هێرشە مووشەکییەکان: 1,043 مووشەکی بالیستی و کرووز
ئیمارات پشکی شێری بەرکەوتووە
بەگوێرەی داتاکان، ئیمارات زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر و بە کۆی گشتیی 2,228 هێرش، پشکی شێری لە مووشەک و درۆنەکان بەرکەوتووە.
وردەکاریی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو:
- ئیمارات: 1,835 درۆن و 393 مووشەک
- سعودیە: 764 درۆن و 102 مووشەک
- کوێت: 465 درۆن و 191 مووشەک
- بەحرێن: 362 درۆن و 154 مووشەک
- قەتەر: 69 درۆن و 203 مووشەک
ئەو ئامارانەی کە لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانی وڵاتانی کەنداوەوە بڵاوکراونەتەوە، دەریدەخەن کە تاران ستراتیژیی "تەوژمی درۆنی" بۆ پەکخستنی سیستمی بەرگریی ئەو وڵاتانە بەکارهێناوە، بەجۆرێک کە ژمارەی درۆنە بەکارهاتووەکان زیاتر لە سێ هێندەی ژمارەی مووشەکەکان بووە.
بە گوتەی شیکارانی بواری بەرگری، پێش دەستپێکردنی شەڕ لە 28ی شوبات، ئێران خاوەنی نزیکەی 2500 بۆ 4000 مووشەکی بالیستی، 400 بۆ 600 مووشەکهاوێژ و دەیان هەزار درۆن بووە.
بەرپرسان و فەرماندە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان دەڵێن، ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکەیان لەنێوبردنی بەرنامەی مووشەکی و درۆنی ئێرانە و بەمزووانە لە پەکخستنی توانای تاران بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی ناوچەکە سەرکەوتوو دەبن.
سوپای ئیسرائیل دەڵێ، تاوەکو رۆژی 16یەمینی شەڕ، 70%ی مووشەکهاوێژەکانی ئێران لەکارخراون. پێنتاگۆنیش دەڵێت، نزیکەی 90%ی توانای مووشەکە بالیستییەکان و درۆنەکانی ئێرانی کەمکردووەتەوە، هەرچەندە وردەکاریی زیاتری نەخستووەتەڕوو.
تۆم کاراکۆ، بەڕێوەبەری پرۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی، کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەیە لە واشنتن دی سی، دەڵێ: "کێشەکە ئەوەیە کە پێدەچێت شاردنەوەی مووشەک و درۆن و مووشەکهاوێژرەکان تاڕادەیەک ئاسان بێت، بۆیە دۆزینەوەی هەموویان و بۆردوومانکردنی هەموویان کارێکی قورس دەبێت."
نیکۆڵ گراجیڤسکی، شرۆڤەکار لە سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سیانس پۆ لە پاریس، بە ئێن بی سی نیوزی ئەمریکی راگەیاند، رەنگە ئێران ژمارەیەکی زیاتر لە کۆگای مووشەکی لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکردبێتەوە و بەخێراییش بنکە مووشەکییە زیانلێکەوتووەکانی چاککردبێتەوە بۆ بەردەوامیدان بە هێرشەکان.
لـە رۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا ئێران دەیان مووشەکی بالیستی ئاراستەی دراوسێکانی کرد. لە رۆژی سێیەمی شەڕەکەدا، ژمارەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی و ئێستا ئێران رۆژانە بە شێوەیەکی گشتی کەمتر لە 25 مووشەک ئاراستەی وڵاتانی کەنداو دەکات.
سەبارەت بە درۆنەکانیش، ئێران رێژەیەکی جێگیری لە هێرشە درۆنییەکانی هێشتووەتەوە و لە سەرەتای شەڕەکەوە تێکڕا رۆژانە نزیکەی 120 هێرشی درۆنی بۆسەر وڵاتانی کەنداو دەکات.