سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای دانوستاندن دەکات؛ "لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان قبووڵکراو نییە"


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) داوای لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کرد بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن. رافایل گرۆسی، هۆشداری دا تەنیا رێگەی دیپلۆماسی دەتوانێت کۆتایی بەم قەیرانە بهێنێت کە زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوامە.
 
رۆژی شەممە، 28-03-2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (CGTN)ـی چینی لە پەکین، گرۆسی ئاماژەی بەوە کرد، وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر لە ئێران کە لە ناوچەی ململانێکانە، رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە. گرۆسی جەختی کردەوە، هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و پاراستنی سەلامەتیی ئەو ناوەندانە بنەمایەکی نێودەوڵەتیی نەگۆڕە.
 
ئەم هۆشدارییانەی ئاژانسەکە دوای ئەوە دێن، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ـی شوباتەوە، چەندین ناوەندی ئەتۆمی کراونەتە ئامانج:
 
1 و 21ـی ئادار: دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر وێستگەی نەتەنز.
 
17ـی ئادار: پێکانی باڵەخانەیەک لە ناو حەوشەی وێستگەی ئەتۆمیی بووشەهر.
 
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم چەندین جار هۆشداری داوە، هەر هێرشێک بۆ سەر ئەم ناوەندانە دەبێتە هۆی کارەساتی ژینگەیی و مرۆیی کە تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.