یەکێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب سەرکۆنەی کوشتنی دوو پەیامنێر دەکات لەلایەن ئیسرائیلەوە


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی گشتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر رۆژنامەنووسان لە لوبنان دەکات و رایدەگەیێنێت، بە ئامانجگرتنی تیمە میدیاییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی یەکێتیی گشتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب کە ئەمڕۆ شەممە بڵاوکراوەتەوە، یەکێتییەکە سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییە دەکات کە کرایە سەر شارۆچکەی "حەنییە" لە باشووری لوبنان و تێیدا دوو رۆژنامەنووس بوونە قوربانی.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا عەلی شوعەیب، پەیامنێری کەناڵی (مەنار) و فاتیمە فەتوونی، پەیامنێری کەناڵی (مەیادین) لەگەڵ محەممەد فەتوونی برای کوژراون. هێرشەکە ئۆتۆمبێلەکەیانی لەسەر رێگەی "کەفەرحوونە" لە ناوچەی جەزین لە باشووری لوبنان پێکاوە.
 
"هەوڵێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی راستی"
 
یەکێتییەکە کە موئەیەد لامی سەرۆکایەتیی دەکات، ئەم هێرشەی بە "تاوانێکی بەئەنقەست" وەسفکرد و رایگەیاند، "ئەمە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو ئەو یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییانەیە کە پارێزگاری لە رۆژنامەنووسان دەکەن لە ناوچەکانی شەڕ و ململانێدا." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رەفتارانە بە مەبەستی "بێدەنگکردنی دەنگی راستی و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەربڕین" ئەنجام دەدرێن.
 
یەکێتیی رۆژنامەنووسانی عەرەب، داوای لە سەرجەم رێکخراوە میدیاییە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و سەرکۆنەی ئەم "وەحشیگەرییە" بکەن و، سنوورێک بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دابنێن، کە تاوەکو ئێستا "هەزاران کوژراو و برینداری مەدەنی" لێکەوتووەتەوە.