نەتەنیاهوو لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەچێتە دادگە
رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رۆژی سێشەممە گەیشتە دادگەی تەلئەڤیڤ بۆ ئەوەی لەبارەی دۆسیەیەکی گەندەڵی، گوتەکانی پێشکێش بکات.
نەتەنیاهوو داوای کردبوو دادگاییکردنەکە دوابخرێت، بەڵام ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، لە کاتێکی دیکەدا بڕیار لەسەر داواکەی دەدات.
نووسینگەی سەرۆکی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرزۆگ پێشتر چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە، گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان نەتەنیاهوو و داواکاری گشتیی ئیسرائیل، باشترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە و هەڵوێستیشی لەو بارەیەوە نەگۆڕاوە.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی هێرزۆگدا هاتووە: "سەرۆک پێیوایە پێش ئەوەی باس لە داواکاریی لێبووردن بکرێت، پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەنێوان هەردوولادا لە دەرەوەی هۆڵی دادگە تاقی بکرێنەوە."
ئەم بڕیارە بە پاشەکشەیەکی سیاسی بۆ نەتەنیاهوو دادەندرێت، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی گشتیی لەپێشە. هەروەها ئەم هەڵوێستەی هێرزۆگ لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندینجار داوای لێکردبوو دادگاییکردنی نەتەنیاهوو رابگرێت.
نەتەنیاهوو لە مانگی تشرینی پار داواکارییەکەی پێشکێش کردبوو و تێیدا باسی لەوە کردبوو کە لادانی تۆمەتەکانی گەندەڵی لەسەری، یارمەتی یەکخستنی دۆخی نێوخۆیی وڵاتەکە دەدات. تاوەکو ئێستا نووسینگەی نەتەنیاهوو هیچ وەڵامێکی فەرمیی لەبارەی دواخستنی بڕیارەکەی هێرزۆگ نەداوەتەوە.
نەتەنیاهوو سێ دۆسیەی گەندەڵی، ساختەکاری و فریودانی لە دژ کراوەتەوە.