سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل: سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان گۆڕی

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چووە پەرلەمانی وڵاتەکەی و رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل محەممەد سینوار، فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی حەماس و برای یەحیا سینوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی پێشووی ئەو بزووتنەوەیەی لە کەرتی غەززە کوشتووە؛ ئاماژەش بەوە دەکات، جەنگی غەززە تەنیا ئەو کاتە کۆتایی دێت کە وڵاتەکەی "سەرکەوتنی تەواو بەدەست بهێنێت." 
 
رۆژی چوارشەممە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل چووە پەرلەمانی وڵاتەکەی و گوتارێکی پێشکێشکرد. نەتەنیاهوو لەسەرەتا رایگەیاند: "لە 600ـەمین رۆژی جەنگی بەهێزبوونەوەدا دەڵێین، سیمای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان گۆڕی و پێگەی ئیسرائیلمان وەک زلهێزی ناوچەکە دەرخست." 
 
"سەرکەوتنی تەواو لە غەززە"
 
لەبارەی پلانی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ جەنگی غەززە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی: "سەرکەوتنی تەواو لە غەززە بەدەست دەهێنین، سەرجەم بارمتەکان دەگەڕێنینەوە و حەماس لەنێودەبەین، سەرکردەکانیان دەدۆزینەوە و تەواوی غەززەش لە چەک دادەماڵین. ئەوەیە سەرکەوتنی تەواو کە باسی دەکەم. خەڵکی ئیسرائیل سەرکەوتنی تەواویان دەوێت و ئێمەش ئەوەیان بۆ دەکەین." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەو هەواڵانەی پشتڕاست کردنەوە کە باس لەوە دەکەن سوپای وڵاتەکەی محەممەد سینوار، یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی حەماس لە غەززە و برای یەحیا سینواری لە خان یونس کوشتووە.
 
رۆژی 13ـی ئادار، میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل محەممەد سینواریان لە شاری خان یونس لە باشووری غەززە کوشتووە. 
 
"بیست بارمتەی زیندوو لە غەززە ماون"
 
لە کاتی گوتارەکەی نەتەنیاهوودا ژمارەیەک لە کەسوکاری بارمتەکان لە پەرلەمان بوون و داوایان لە نەتەنیاهوو کرد کۆتایی بە جەنگ بێنێت و بارمتەکانیش بگەڕێنێتەوە. 
 
نەتەنیاهوو گوتی:"هەموو ئامانج و سەرنجم لەسەر رزگارکردنی بارمتەکانە، پێچەوانەی هەندێک بەرپرسی سەربازی کە لە سەرەتای جەنگەکەدا پێیان راگەیاندم دەبێت خۆمان لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە بگونجێنین کە رەنگە یەک بارمتەشمان پێ نەگەڕێتەوە." 
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئامارێکی نوێی لەبارەی بارمتەکانی نێو غەززە راگەیاند و گوتی: "20 بارمتە هێشتا زیندوون و 38یش مردوون." 
 
"پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل"
 
پەیوەندییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بوونەتە یەکێک لە مژارە گەرمەکانی میدیای جیهان. 
 
یائیر لاپید، سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە، نەتەنیاهووی تۆمەتبار کرد بەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیلی لەگەڵ ئەمریکا تێکداوە و رووی قسەکانی کردە نەتەنیاهوو و گوتی: "جارێکیان هەر لێرە پێم گوتی کە تۆ لە ئەمریکای نوێ تێنەگەیشتوویت و لە ساڵانی 1980دایت. وەڵامت دامەوە و راتگەیاند کە ئاگاداری ئەم سەردەمەشی، بەڵام ئێستا روونە کە بەو جۆرە نییە. ئەو پەیوەندییە هەرگیز هێندەی ئێستا خراپ نەبووە." 
 
لاپید گوتی: "دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاتان لەدەستدا؛ ئەمریکا بێ ئاگاداری ئێوە رێککەوتنی لەگەڵ حووسییەکان کرد؛ سەرۆک ترەمپ بێ ئەوەی ئێوە ئاگاداربن لەگەڵ سەرۆکی سووریا کۆبووەوە. سەرۆک ترەمپ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەردۆغان نوێکردەوە، بێ ئەوەی ئێوە ئاگاداربن."