حەماس بۆ ئیسرائیل: هێزەکانتان بکشێننەوە ژیانی دوو بارمتە لە مەترسیدایە

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵی سەربازیی حەماس داوای لە سوپای ئیسرائیل کرد هێرشە ئاسمانییەکانی بە شێوەیەکی کاتی رابگرێت و لە بەشێک لە شاری غەززە بکشێتەوە، لە کاتێکدا هەوڵدەدات شوێنی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بدۆزێتەوە کە دەڵێت پەیوەندیی پێیانەوە پچڕاوە.
 
رۆژی یەکشەممە 28-09-2025 کەتیبەکانی عیزەدین قەسام لە راگەیێنراوێکدا نووسییان: "ژیانی دوو بارمتەکە لە مەترسیی راستەقینەدایە و پێویستە هێزەکانی (ئیسرائیل) دەستبەجێ بکشێنەوە بۆ باشووری شەقامی 8 و ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بۆ ماوەی 24 کاژێر لە کاژێر 6:00ـی ئەمڕۆوە رابگرن، بۆ ئەوەی هەوڵی رزگارکردنیان بدرێت."
 
پێشتر، گرووپە چەکدارەکە رایگەیاندبوو، پچڕانی پەیوەندییەکە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلەوە بووە لە دوو گەڕەکی باشووری شاری غەززە لە ماوەی 48 کاژێری رابردوودا، کە هێزەکانی ئیسرائیل تێیدا هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانیان چڕکردووەتەوە.
 
لە رابردوودا، بزووتنەوە ئیسلامییەکە رایگەیاندبوو، پەیوەندیی لەگەڵ بارمتەیەکی ئیسرائیلی-ئەمریکیدا پچڕاوە، کە چەند رۆژێک دوای ئەو راگەیاندنە ئازاد کرا.
 
لەوکاتەوەی سوپای ئیسرائیل هێرشی بۆ سەر شاری غەززە دەستپێکردووە، بەردەوام فەرمانی بە فەلەستینییەکان کردووە بەرەو باشوور بڕۆن.
 
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵێنی دا کە "ئەرکەکە" دژی حەماس "تەواو بکات"، ئەمە سەرەڕای سەرکۆنەکردنی تووندی نێودەوڵەتی دوابەدوای چڕبوونەوەی هێرشەکان.
 
شەڕی غەززە بەهۆی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ی حەماسەوە بۆ سەر ئیسرائیل هەڵگیرسا، کە بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس لە ئیسرائیل.
 
لە کۆی ئەو 251 کەسەی لە کاتی هێرشەکەدا رفێنرابوون، 47 کەسیان هێشتا لە غەززە دەستبەسەرن، لەنێویاندا 25 کەس کە سوپای ئیسرائیل دەڵێت گیانیان لەدەستداوە.
 
هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە غەززە بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی ناوچەکە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە و نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانێت، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 66,000 کەس کە زۆربەیان هاووڵاتیی سڤیلن.