سوپای ئیسرائیل: لە باشووری لوبنان هێرشمان کردە سەر کۆگەی چەکی حیزبوڵڵا

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر کۆگەی چەکی رێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنانی لە باشووری ئەو وڵاتە.
 
رۆژی یەکشەممە 28-09-2025، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێنراوێکدا گوتی: "هێرشمانکردە سەر بنکەکانی هەڵگرتنی چەکی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان. ئەم کۆگەیانەی چەک لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە بۆ پێشخستن و کردنی هێرشی تیرۆریستی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل بەکاردەهێنران."
 
سەرەڕای ئاگربەستی مانگی تشرینی دووەم کە کۆتایی بە زیاتر لە ساڵێک لە جەنگی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هێنا، ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر لوبنان و هێشتا سەربازەکانی لە پێنج خاڵی سنووریی نێو وڵاتەکە جێگیرکردووە.
 
لەلایەکی دیکەوە، حیزبوڵڵا رووبەڕووی گوشارێکی تووند بووەتەوە بۆ رادەستکردنی چەکەکانی و سوپای لوبنانیش پلانێکی بۆ چەکداماڵینی رێکخراوەکە داڕشتووە، کە لە باشوورەوە دەستپێدەکات.
 
لوبنانیش لەژێر گوشاری ئەمریکا و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدایە بۆ ئەوەی رێوشوێن بگرێتەبەر.
 
رۆژی شەممە نەعیم قاسم، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵا، لە گوتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە یادی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای سەرکردەی پێشوو رایگەیاند، رێکخراوەکەی رێگە نادات چەک دابماڵرێت.
 
حیزبوڵڵا تاکە گرووپی چەکداریی سەرەکی بوو کە دوای شەڕی ناوخۆی لوبنان رێگەی پێدرا چەکەکانی بهێڵێتەوە، چونکە لە دژی "داگیرکاریی بەردەوامی ئیسرائیل" لە باشوور دەجەنگا.
 
لە تشرینی یەکەمی 2023، حیزبوڵڵا بۆ پشتیوانیکردن لە حەماس، دەستی بە مووشەکبارانکردنی ئیسرائیل کرد. پێکدادانەکان دوای چەند مانگێک لە ئەیلوولی 2024 بۆ شەڕێکی سەرتاسەری گۆڕان، ئەمە پێش ئەوەی دوای دوو مانگ رێککەوتنی ئاگربەست بکرێت.