ئەردۆغان: ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تەنیا داردەستێکە و کە رۆژی هات ماڵئاوایی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا بە تووندی رەخنەی لە ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا گرت بەهۆی پاڵپشتیکردنیان بە هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەرتی غەززە و دەڵێت: "ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تەنیا داردەستێکە، کە رۆژی هات ماڵئاوایی دەکات"
 
ئێوارەی رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گردبوونەوەی جەماوەریی بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی فەلەستین و کەرتی غەززە، کە بە بەشداری زیاتر لە 1.5 ملیۆن کەس لە گۆڕەپانی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ''سبەی جۆش و خرۆشی 100 ساڵەی یادی دامەزراندنی کۆمارەکەمان و ئەمڕۆش ئاگری دڵمان لەپێناو غەززە بۆ جیهان رادەگەیێنین" و گوتیشی، "هەر لە کریمیاوە تا قەرەباغ، لە بۆسنەوە تا کەرکووک، لە فەڵەستینەوە تا تورکمانستان، لە ئەفغانستانەوە تا چیچان، لە زۆر جوگرافیادا ئێمە فرمێسکمان رشت''.
 
ئەردۆغان جەختی لەوە کردەوە کە، ''لەپێناو غەززەدا راوەستاوین، هەر وەک چۆن هاودەردی ئەو خوشک و برایانەمان بووین کە دڵ و چاویان لەگەڵ ئاسۆماندا بوو لە هەموو شوێنێکدا. ئێمە لێرەدا تەنیا سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژییە ناکەین کە لە غەززە روودەدات، بەڵکو لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریی لە سەربەخۆیی و ئایندەی خۆمان دەکەین. دەبێ لە پاشخانی ئەو چەمکانە بکۆڵنەوە کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلی باسی دەکەن، لە هەموویاندا نەخشەی ناپاکی دەردەچێت کە خاکی وڵاتەکەشمان دەگرێتەوە''.
 
لە ئاماژەیەکی بۆ بەرپرسانی ئیسرائیل گوتی: "رۆژئاوا قەرزدارتە، بەڵام تورکیا قەرزداری تۆ نییە. لەبەرئەوە ئەوەندە بێباکانە قسە دەکەین، چونکە تورکیا قەرزداری تۆ نییە بۆیە ئەردۆغان بەم شێوەیە قسە دەکات".  
 
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئەردۆ‌غان رەخنەی لە سیاسەتی رۆژئاواییەکان گرت و گوتی: ''لە 1947دا غەززە، فەلەستین چی بوو؟ ئەمڕۆ چییە؟ ئیسرائیل تۆ چۆن هاتییە ئەم شوێنانە؟ چۆن هاتییە ناوەوە؟ تۆ داگیرکەریت. تۆ رێکخراویت. ئەوانەی دوێنێ فرمێسکی تیمساحیان بۆ کوژرانی سڤیلەکانی جەنگی ئۆکراینا - رووسیا دەڕشت، ئەمڕۆ بەبێ دەنگی تەماشای مردنی هەزاران منداڵی بێتاوان دەکەن. ئەی رۆژئاوا لەگەڵ ئێوەمە. ئایا دەخوازیت سەرلەنوێ ململانێی هیلال - خاچ دەستپێبکەیتەوە؟ ئەگەر لە هەوڵێکی لەم شێوەیەدایت، ئەوا بزانن کە ئەم گەلە نەمردووە. رۆژئاوا هەر لە سیاسەتمەدارانیەوە تا میدیاکەی بوونەتە ئامرازێک بۆ رەوایەتییدان بە جینۆسایدی کەسانی بێتاوان لە ژن و منداڵ لەغەززە، ئیسرائیل بەئاشکرا تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات. خاوەنە راستەقینەکانی ئەو یارییەی لە ناوچەکەدا دەکرێت ئەوانەن کە هاوبەشی سەرپێچیەکانی حکومەتی ئیسرائیلن، چونکە ئیسرائیل بەبێ ئەوان ناتوانێت هەنگاو بنێت."
 
گوتیشی ''هەمووان دەزانین ئیسرائیل لە ناوچەکەدا تەنیا داردەستێکە کە رۆژی هات ماڵئاوایی دەکات و بەبێ پاڵپشتی دەرەکیی رۆژئاوا سێ رۆژ لەم ناوچەیە بەرگە ناگرێت''.
 
ئاشکرایکرد، کە هەموو رێوشوێنەکانیان گرتووەتەبەر بۆ ناساندنی ئیسرائیل وەک تاوانباری جەنگ بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و راشیگەیاند: ''ئەی ئیسرائیل، ئێمەش تۆ وەک تاوانباری جەنگ بە جیهان رادەگەیێنین. لە ئامادەکاری ئەمەداین و وەک تاوانباری جەنگ ئیسرائیل بە جیهان دەناسێنین''.
 
ئەردۆغان رووی دەمی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و گوتی: "پێویستە چەند منداڵ و ژن و بەساڵاچوو بمرن تا ئێوە ئاگربەست رابگەیێنن. جارێکی دیکە دەفتەری گوناهی رۆژئاوا یارییەکەی تێپەڕاند. ئەوەی لەغەززە دەگوزەرێت بەرگریی نییە، جینۆسایدێکی روون و قێزەونە. رووبەڕووکردنەوەی خەڵکی غەززە بەبرسێتی و تێنویەتی و نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی هەوڵی بەکۆمەڵ لەناوبردنە. پشتیوان بەخودا ئەو رۆژانەش دەبینین کە ستەمکاران لە ژیانی گەلی فەڵەستین دەردەچن و ملدەشکێنن و دەڕۆن. ستەمی ستەمکار هەتا سەر نییە. ئیسرائیل بچووکترین کێشەی نییە لە کوشتنی مرۆڤدا. بە ڕوون و ئاشکرا دەڵێن 'ئێمە لە کوشتندا زۆر شارەزاین'، بەڵام بەقورسی باجی ئەمە دەدەن".
 
ئەردۆغان بۆ ئیسرائیلییەکان گوتیشی: "دڵنیابن هەر وەک باب و باپیرتان ئێوە و منداڵانیشتان لە داهاتوودا پێویستتان بەمە دەبێت، پێویستتان بە تورکیا دەبێت".
 
لە کۆتاییدا رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەرپرسانی ئیسرائیلی گوتی: "وەرن ئەمڕۆ گوێمان لێبگرن، گوێمان بدەنێ بۆ داخوازیمان بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ ستەمدیدەکان، کردنەوەی دەرگاکان بۆ دیالۆگ لەپێناو بونیاتنانی ئاشتیدا''.