قەتەر: حەماس 20 بارمتە و ئیسرائیل 65 بەندکراوی دیکە ئازاد دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەڵێت، حەماس پشتڕاستی کردووەتەوە کە 20 بارمتەی دیکە لە کۆمەڵەی پێنجەم ئازاد دەکات، لە بەرامبەریشدا دەبێت ئیسرائیل 65 بەندکراو ئازاد بکات. گوتەبێژێکی ئیسرائیلیش دەڵێت، "تائێستا لیستی ناوی 10 کەسمان پێگەیشتووە."
رۆژی سێشەممە، 28-11-2023، ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند "حەماس پشتڕاستی کردووەتەوە لە دوو رۆژی داهاتوودا 20 بارمتەی دیکە ئازاد دەکات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت؛ ئیسرائیل دەبێت 65 بەندکراوی فەلەستینی ئازادبکات."
تال هێنریک، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی راگەیاندووە "ئێمە لیستی ناوی 10 کەسمان پێگەیشتووە و خانەوادەکانمان ئاگادار کردوونەتەوە."
لەبارەی نێوەندگیریی قەتەرەوە، ئەنساری گوتی، "هەر لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، ئێمە بەردەوام لەسەر هێڵ بووین. ئێمە لە خاڵێک دەستمانپێکرد، کە هیچ هیوایەک بۆ نێوەندگیریی نەبوو، کەچی ئێستا هەردوولا لیستی ئازادکراوەکان دەدەنە یەکدی و چەند رۆژێکیشە گەیشتووینەتە خاڵی وەستانی شەڕ."
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، دەسەڵاتی زیندانیی ئیسرائیل رایگەیاند، 33 بەندکراوی فەلەستینییان ئازادکردووە. بزووتنەوەی حەماسیش ئازادکردنی 11 بارمتەی بە رەگەز ئیسرائیلی راگەیاند. ئەمە کۆمەڵەی چوارەمی ئاڵوگۆڕی ئازادکراوەکان بوو.
تائێستا، حەماس 69 ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردووە کە بەشی زۆریان منداڵ و ژن بوون. لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 بەندکراوی ئازادکردووە کە 119 منداڵ و 31 ژنیان تێدایە.
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، چەکدارانی حەماس، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان دەستبەسەر کرد و لەگەڵ خۆیان بردیاننەوە بۆ کەرتی غەززە.
لە بەرامبەر ئەو هێرشە، ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە، هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، نزیکەی 16 هەزار فەلەستینی کوژراون.
بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هەیە، ئەوەیە؛ بڕیارە ئیسرائیل رێگەبدات هاوکاری مرۆیی و پێداویستییە سەرەتاییەکان بگەنە غەززە.