فەرەنسا نەخۆشخانەیەکی فریاگوزاری بۆ غەززە نارد

رووداو دیجیتاڵ
 
فەرەنسا کەشتییەکی فریاگوزاریی 40 قەرەوێڵەیی بۆ غەززە نارد. وەزیری بەرگریی وڵاتەکەش رایگەیاند، کەشتییەکە هێلیکۆپتەر هەڵگرە و کردوویانەتە نەخۆشخانەیەک بۆ ئەوانەی برینیان زۆر سەخت نییە، هەروەها 16 پزیشکی نەشتەرگەر و شەش پزیشکی منداڵان لەنێو کەشتییەکەدان.
 
رۆژی سێشەممە 28-11-2023، سێباستیان لیکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، "کەشتی هێلیکۆپتەر هەڵگری (دیکسمود)مان کردووەتە نەخۆشخانەیەکی 40 قەرەوێڵەیی بۆ ئەوانەی برینیان زۆر سەخت نییە، سەرەتا لەسەر کەشتییەکە چارەسەریان دەکەین ئینجا دەیاننێرینە نەخۆشخانە".
 
لیکۆرنۆ هەروەها گوتی، "کەشتییەکە لە میسر، عەریش لەنگەری گرتووە کە 50 کیلۆمەتر لە غەززە دوورە".
 
بەرپرسێکی فەرەنساش ئاماژەی بەوەداوە، کەشتییەکە 22 دکتۆر لە خۆ دەگرێت، 16یان پزیشکی نەشتەرگەرن و شەشیان پزیشکی منداڵانن. میدیای فەرەنسا رایگەیاند، "حکومەتی فەرەنسا 50 قەرەوێڵەی لە پاریس ئامادەکردووە بۆ ئەوانەی برینیان سەختە یان زۆر نەخۆشن".
 
کەشتیی هێلیکۆپتەر هەڵگری دیکسمود 9015 لە ساڵی 2010 بە تێچووی 451.6 ملیۆن یۆرۆ لە فەرەنسا بۆ هێزی دەریایی فەرەنسی دروستکراوە.
 
رۆژی پێنجشەممە، 11-9-2023، بەرپرسانی بەشێک وڵاتانی رۆژئاوا، وڵاتانی عەرەبی، نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند رێکخراوێکی ناحکومی لە کۆنفرانسێکی پاریس بەشداربوون بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک و ناردنی هاوکاریی بۆ نێو کەرتی غەززە.
 
پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای "ئاگربەستی مرۆیی" کرد و پاشان بڕیاریدا کۆنفرانسێک رێکبخات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ناردنی ئاو، خۆراک، کەرەستەی تەندروستی، سووتەمەنی و دابینکردنی کارەبا.
 
ئەوکاتە سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، نوێنەرانی 50 وڵات بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن، لەوانەش، چەندین وڵاتی ئەوروپی، ئەمریکا، ئوردن، میسر، وڵاتانی کەنداو، هەروەها محەممەد شتێیە، سەرۆکوەزیرانی فەلەستین.
 
بەرپرسێکی کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، "لەو دەستپێکی شەڕەوە لە 7ی ئۆکتۆبەر، فەرەنسا تائێستا 21.4 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەند رێکخراوێکی دیکەی مرۆیی ناردووەتە غەززە، ئەمە جگە لە ناردنی 54 تۆن هاوکاری بە سێ فڕۆکە بۆ میسر".
 
رۆژی 24-10-2023، سەرۆکی فەرەنسا سەردانی ئیسرائیلی کرد و پەیامی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ راگەیاندن، بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان لە کەرتی غەززە، هەموو وڵاتانی پاڵپشتیکاری ئیسرائیل داوا دەکەن هێرشی سەر خەڵکی سڤیل بووەستێندرێت و رێگە بدرێت هاوکاریی بگەیێندرێتە كەرتی غەززە.