ئیسرائیل: دەکرێت ئاگربەستەکە بۆ پێنج رۆژی دیکەش درێژ بکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، دەکرێت ئاگربەستەکەیان لەگەڵ حەماس بۆ ماوەی پێنج رۆژی دیکەش درێژ بکەنەوە، ئەگەر پرۆسەی ئازادکردنی بارمتەکان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، ئیلۆن لێڤی، گوتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وای گوت.
ئەو بە دیاریکراوی گوتی، "ئێمە رێگەمان داوە بە ئازادکردنی 50 بەندکراوی دیکەی فەلەستینی ئەگەر حەماس دەیەوێت بەردەوام بێت لە ئازادکردنی بارمتەکان بەو جۆرەی ئێمە دەمانەوێت".
گوتیشی، "دەکرێت ئەو ئاگربەستەی ئێستا هەیە بۆ پێنج رۆژی دیکەش درێژ بکرێتەوە، بەڵام لەسەر بنچینەی یەک بارمتە بەرامبەر بە سێ بەندکراو". هەروەها هەڕەشەی لە حەماس کرد و ئاماژەی بەوە کرد، "لەوکاتەی حەماس پرۆسەی گەڕاندنەوەی بارمتەکان دەوەستێنێت، ئێمە دەست بە گوشاری سەربازیی دەکەینەوە تاوەکو حەماس [بارمتەی] زیاتر ئازاد دەکات".
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد.
رۆژی 27-11-2023، ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، "قەتەر وەکو وڵاتێکی نێوەندگیر رایدەگەیێنێت، کە گەیشتووینەتە رێککەوتنێک بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە".
هەروەها گوتی، "قەتەر لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە".
بە گشتی لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەوە، تاوەکو ئێستا حەماس 69 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکردوون و لە بەرامبەردا ئیسرائیل 150 بەندکراوی فەلەستینی ئازادکردووە.